ئەمینداری یەکگرتوو: ئەم هەڵبژاردنە بەشێوازێکە ئومێد بۆ هاووڵاتییان گەڕاوەتەوە

15-10-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو
سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو
A+ A-

دێسکی هەڵبژاردن

ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە دوایین رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان داوای لە هاونیشتیمانیان کرد لە رۆژی دەنگدان بەشێوەیەکی مەدەنییانە ناڕەزایی خۆیان دەرببڕن. 
 
رۆژی سێشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمی 2024، سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو باسی لە شێوازی بانگەشەی لایەنەکان کرد و گوتی، "بەگشتیی هێزە سیاسییەکان و کەسایەتییە سیاسییەکان تاڕادەیەک گەرم و تووند بوون".
 
هەروەها ئەمینداری یەکگرتوو گوتیشی، "دەسەڵات ئازاری رۆحی هاووڵاتییان و هەموو نوخبەی سیاسی و رۆشنبیری داوە... بێباکی دەسەڵات و کەمتەرخەمی و نەپرسینەوە لە بەرپرسیارێتی خۆی و ئەو شێوازە لە مامەڵەکردن لەگەڵ قەیران و گرفتەکان وایکرد، کە خەڵک زیاتر نائومێد ببێت".
 
گوتیشی، "خۆشبەختانە ئەم هەڵبژاردنە لە کاتێکدایە و بەشێوازێکە کە ئومێد گەڕاوەتەوە بۆ هاووڵاتییان و هیوا بە گۆڕانکاری هەیە".
 
سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین داوای لە هاونیشتیمانیان کرد لە رۆژی 20ـی مانگ بەشێوەیەکی مەدەنییانە ناڕازیبوونی خۆیان دەرببڕن و گوتی، "نابێت ئەو ئارامییە تێکبدەین کە بۆ هەر قەوارەیەک پێویستە کە دەیەوێت خۆی دروست بکات".
 
یەکگرتوو بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 62 بەربژێری هەیە، کە زۆرترینیان لە بازنەی پارێزگەی سلێمانین بە 22 بەربژێر و کەمترینیشیان لە بازنەی هەڵەبجەن بە 6 بەربژێر.
 
ئەمڕۆ دوایین رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانە و کاژێر 12:00 بانگەشە کۆتایی دێت. دەنگدانى تایبەت بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە 18ى ئەم مانگە دەکرێت و دوو رۆژ دواتریش دەنگدانى گشتى دەکرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کارمەندێکی سەرژمێری لەکاتی راپەڕاندنی کارەکەی لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

دەستەی ئامار: مانگی شوبات ئەنجامی کۆتایی سەرژمێری رادەگەیێندرێت

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەرژمێری بە سەرکەوتوویی کۆتاییهات؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بڕیارە 15ی شوباتی داهاتوو ئەنجامی کۆتایی سەرژمێرییەکە رابگەیێندرێت.