خانمێکى کریستیان سەرۆکى لیستێکى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکى لیستێک لە پارێزگاى دهۆک ژنێکى کریستیانە، کە لەگەڵ کەنیسەیەکی ئەڵمانى کارى کردووە. بە گوتەى خۆى، جگە لە هاوئاینەکانى، پشت بە دەنگى پێکهاتەکانى دیکەى شارەکەش دەبەستێت.
 
مەریەم مەتى پۆلس شەمعوون، سەرۆکى لیستى هاوپەیمانیى نیشتمانییە لە بازنەى دهۆک، تەنیا کریستیانە کە سەرۆکایەتیى لیستێکى بەربژێران بکات بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، بەدەر لە بەربژێرانى کۆتای ئەو پێکهاتەیە.
 
مەریەم بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "تەنیا پشت بە دەنگدەرانى کریستانى دهۆک نابەستم، پەیوەندیم لەگەڵ پێکهاتەکانى دیکەش هەیە."
 
ئەو بەربژێرە کە وەکو یاریدەدەرى بانگەشەکار لە کەنیسەى ئەڵمانى کارى کردووە، ئاماژە بەوەش دەکات، بەشدارینەکردنى وەکو بەربژێرى کۆتاى کریستیانەکان، لەبەر ئەوە بووە کە ئەو کاتەى خۆى بەربژێر کردووە لە لیستى هاوپەیمانى، بە بڕیارى دادگەى فیدراڵیی عێراق کۆتای پێکهاتەکان لادراوە.
 
رۆژی 22ـی شوباتی 2024 دادگەی باڵای فیدراڵی11 کوسی کۆتاى پێکھاتەکانى پەرلەمانى کوردستانى هەڵوەشاندەوە، کە تایبەت بوون بە کریستیان، تورکمان، ئەرمەن، دواتر لە 20ـی ئایاری 2024 دەستەى دادوەریى هەڵبژاردن، کە سەر بە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقە پێنج کورسی لەو کۆتایانە گەڕاندەوە، یەکێکیان بۆ کرستیانەکانى دهۆک بوو.
 
هاپەیمانیى نیشتمانى لە ساڵى 2017 دامەزراوە، کە سەرەتا بەناوى هاوپەیمانیى نیشتمانى بۆ دیموکراسی و دادپەروەرى بوو، بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆکایەتیى دەکرد.
 
ئارام قادر، سەرۆکى ئێستاى هاوپەیمانێتییەکە بە تۆڕى میدیایی رووداوى رایگەیاند، نوێنەرى پێکهاتەکانى دیکەش لەنێو لیستەکاندان، بۆیە بڕیاریان داوە کە سەرۆکى لیستەکەیان لە دهۆک کریستیان بێت.
  
بۆ کورسیی گشتیى پەرلەمانى کوردستان لە بازنەى دهۆک 226 بەربژێر رکابەرى دەکەن بۆ بەدەستهێنانى ئەو 24 کورسییەى کە وەک پشکى پارێزگاکە بۆى دیاری کراوە، ئەوە جگە لە یەک کورسیى دیکەى کۆتایى کرستیانەکان، کە حەوت بەربژێرى دیکە رکابەرى لەسەر دەکەن.
 
هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان لە 20ى تشرینى یەکەم دەکرێت، یەکەمجارە بە چوار بازنەى جیاواز بکرێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە