کۆمەڵی دادگەری: رابردوومان نیشانی دەدات شایەنی متمانەپێکردنین
رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە دوایین رۆژی بانگەشە بۆ هەڵبژاردن، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا داوای لە هاونیشتیمانیان کرد دەنگیان پێبدەن، داواشی لە هێزە ئەمنییەکان کرد نەکەونە ژێر کاریگەریی هیچ گوشارێک، لەبەر ئەوەی "لەکاتی دەنگدان نازانرێت دەنگیان بە کام لایەن داوە."
عەبدولستار مەجید، سەرۆکی لیستی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە بازنەی هەولێر لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی، ئەوان وەکو کۆمەڵ پێشینەیان لە حوکمڕانی و کاری پەرلەمانی هەیە، شایەنی ئەوەن هاونیشتمانییان متمانەیان پێبکەن و پشتگیرییان بکەن، بۆئەوەی بچنە پەرلەمان.
عەبدولستار مەجید خولەکانی پێشووی پەرلەمانی کوردستانی بە "پەرلەمانی حیزبی" ناوبرد و گوتیشی، ئەوان وەکو کۆمەڵی دادگەری دەیانەوێت پەرلەمانێک هەبێت، کە لەژێر دەستی حیزبە فەرمانڕەواکان دەربهێندرێت.
هەروەها سەرۆکی لیستی کۆمەڵی دادگەری لە هەولێر داواشی لە هێزە ئەمنییەکان کرد لە رۆژی دەنگدانی تایبەت هیچ گوشارێک کاریگەریی لەسەریان نەبێت، لەبەر ئەوەی "لەکاتی دەنگدان نازانرێت دەنگییان بە کام لایەن داوە."
عەبدولستار مەجید باسی لە کارەکانی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە خوولی پێشووی پەرلەمان کرد و گوتی، "فراکسیۆنی کۆمەڵ نەچووە ژێر پڕۆژەیاسای چاکسازی، لەبەر ئەوەی گوتمان پێویستە خانەنشینی هێزەکانی ناوخۆ، پێشمەرگە و ئاسایش وەکو هی عێراقی لێبکرێت."
ئەمڕۆ دوایین رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانە و کاژێر 12:00 بانگەشە کۆتایی دێت.
دەنگدانى تایبەت بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە 18ى ئەم مانگە دەکرێت و دوو رۆژ دواتریش دەنگدانى گشتى دەکرێت.