رووداو - سلێمانی
رۆژی سێشەممە دوایین رۆژی وەرگرتنەوەی کارتی دەنگدان بوو لە هەرێمی کوردستان. سلێمانی گەورەترین پارێزگایە کە نزیکەی 65 هەزار کەس تێیدا کارتی دەنگدانیان وەرنەگرتەوە، ئەمەش بەرزترین ئاستی وەرنەگرتنەوەی کارتی دەنگدانە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان.
درەنگ چوونی هاونیشتمانیان بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانی دەنگدان وایکرد رۆژی سێشەممە 15ی تشرینی یەکەم کۆمیسیۆنی سلێمانی گوشارێکی زۆری لەسەر دروستببێت.
ئاریان حامید، دووکاندار گوتی، "نەمزانی دەبێت کارتەکە نوێ بکرێتەوە، بۆیە ئەمڕۆ هاتووم بۆئەوەی مافی دەنگدانم نەفەوتێت."
بینایی بەرهەم کە مافی دەنگدانی هەیە و دووکاندارە، دەڵێت، "بەهۆی ئیش و نەبوونی کاتەوە نەچووم بۆ وەرگرتنەوەی کارتی دەنگدان، بەڵام ئەمڕۆ گوتم دوا رۆژە و با بڕۆم وەریگرم."
لە سنووری پارێزگای سلێمانی یەک ملیۆن و 496 هەزار دەنگدەر هەن، لەو ژمارەیە یەک ملیۆن و 80 هەزار و 539 کەس کارتیان وەرگرتووەتەوە. کۆمیسیۆن ئەو کارتە وەرنەگیراوانە دەنێرێتەوە ناوەندی سەرەکیی خۆی لە بەغدا و ئەو کەسانە مافی دەنگدانیان دەفەوتێت.
ئەیسەر یاسین، گوتەبێژی هەڵبژاردن ئاماژەی بەوە کرد، "ئەو کارتانەی وەرنەگیراونەتەوە، هەمووی سکان دەکەین و دەیاننێرینەوە بۆ بەغداد، هۆکاری ئەوەی سێشەممە دوا رۆژە، ئەوەیە کە سەرقاڵبوونی کارمەندەکانی کۆمیسیۆنە بۆ ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن."
لە هەر چوار بازنەکەی دەنگدان لە هەرێمی کوردستان، نزیکەی 100 هەزار دەنگدەر کارتی دەنگدانیان وەرنەگرتووەتەوە، بە شێوەیەک هەولێر 3%، دهۆک 2% و سلێمانی 6%ی دەنگدەرانی کارتیان وەرنەگرتووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ