خێزانێکی نابیست لە کۆمەڵگەی دۆمیزی دهۆک لە دۆخێکی سەختدا دەژین

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
عەدنان رەشید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

خێزانێکی نابیست لە کۆمەڵگەی دۆمیز لە پارێزگای دهۆک لە دۆخێکی سەختدا دەژین. لقی دهۆکی کۆمەڵەی نابیستان دەڵێت، ئەو خێزانە "هەژارترینە."
 
خێزانە 6 کەسییەکە لە کۆمەڵگەی دۆمیز لە خانوویەکی کۆندا کرێچین و مانگانە 150 هەزار دینار کرێ دەدەن. حیکمەت ئەسعەد و هاوژینەکەی نابیستن، حیکمەت لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ی تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، "کەس کارم پێنادات. پێشتر کاری بۆیاخیم دەکرد، بەڵام دەریان کردم و گوتیان کاتێک بانگت دەکەین، گوێت لێ نییە و ئاگات لە هیچ نییە. بەساڵاچوو و نیڤشکانم، هەربۆیە کەس کارم پێنادات."
 
 
دوو منداڵی ئەو خێزانە بەهۆی کەمدەرامەتییەوە لە خوێندن دابڕاون. شاهین حیکمەت، کچە گەورەی حیکمەت کە لە بەرنامەی (بەرپرسیار)دا وەرگێڕی دایک و باوکی بوو، گوتی، "زۆر حەز دەکەم بگەڕێمەوە قوتابخانە. پارەمان نەبوو کرێی هاتووچۆی قوتابخانە بدەین، بۆیە لە پۆلی 7ی بنەڕەتی لە خوێندن دابڕام."
 
 
خێزانەکە کرێی حەوت مانگ قەرزدارە. هاوژینی حیکمەت لە (بەرپرسیار)دا گوتی، "مووچەی مانگانەی 150 هەزار دیناری بەشی بژێویمان ناکات. بەهۆی نەدانی کرێوە خاوەن خانوو دەرمان دەکات. داوا دەکەین شوێنێکی نیشتەجێبوونمان بۆ دابین بکرێت."
 
 
30 خێزانی نابیست لە لقی دهۆکی کۆمەڵەی نابیستان تۆمار کراون. کارزان فارس، سەرۆکی کۆمەڵەکە لە (بەرپرسیار)دا دۆخی خراپی خێزانی حیکمەتی پشتڕاست کردەوە و رایگەیاند، 4 خێزانی نابیست لە دهۆک لە دۆخێکی زۆر خراپ دەژین، بەڵام"دۆخی خێزانی حیکمەت خراپترینە."
 
 
لە سنووری پارێزگای دهۆک 1379 نیڤشکان مووچە لە چاودێریی کۆمەڵایەتی وەردەگرن. رەزا نایف، بەڕێوەبەری تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتیی دهۆک بە رووداوی گوت، "815 ناوی نوێ تۆمارکراون و چاوەڕێی بەستنی مووچەن. ئێمە تەنیا دەتوانین هاوکاریی مانگانەی 150 هەزار دینار بدەینە نابیستان". 
 
 
حیکمەت ئەسعەد گوتی، "پێنج ساڵە پارەی ئاو و کارەبام نەداوە. لە دەرگەی ماڵم دەدەن و چەندین جار کارەبایان لەسەر بڕیوم، قەرزم کردووە تاوەکو کارەباکەیان گەڕاندووەتەوە. خۆراک بە قەرز دەکڕم، قەرزێکی زۆری دووکانم لەسەر کەڵەکە بووە. داوا لە خێرخوازان دەکەم هاوکارییمان بکەن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو

ئەمینداری یەکگرتوو: ئەم هەڵبژاردنە بەشێوازێکە ئومێد بۆ هاووڵاتییان گەڕاوەتەوە

ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە دوایین رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان داوای لە هاونیشتیمانیان کرد لە رۆژی دەنگدان بەشێوەیەکی مەدەنییانە ناڕەزایی خۆیان دەرببڕن.