لە هەڵەبجە یەکێتی چاوی لە هەموو کورسییەکانە و پارتی دەڵێت 2 کورسی دەهێنین

16-10-2024
سازگار سەڵاح
پۆستەرەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن لە شەقامێکی هەڵەبجە. وێنە: رووداو
پۆستەرەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن لە شەقامێکی هەڵەبجە. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - هەڵەبجە

10 حیزب، دوو هاوپەیمانێتی و بەربژێرێکی سەربەخۆ لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی دەنگی دەنگدەرانی پارێزگا نوێیەکەی هەرێمی کوردستان دەکەن. لە سنووری ئەو پارێزگایە ململانێیەکی بەهێز بەتایبەت لەنێوان یەکێتی، پارتی و لایەنە ئیسلامییەکان لەئارادایە.
 
کاوە عەلی، سەرۆکی لیستی یەکگرتوو لە بازنەی هەڵەبجە دەڵێت، "ئێمە نزیکەی 28 ساڵە دیراسەی گرفتەکانمان کردووە، دیراسەی هەموو پێداویستی و گرفتەکانم کردووە لە تەوێڵەوە تاوەکو نەوێ و بەردەبەل و ناحیەی بەمۆ بگرە تاوەکو هەوار، تاوەکو مەنتیقەی پشتە. پلانمان داناوە و توانای ئەوەمان هەیە کە بەدواداچوون بکەین و چارەسەری ئاسانە. هاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە، ئەوەی رابردوو لە ئێمەیان بینی لە پەرلەمان، لەوە بەهێزتر دەبینن و لە خولی پێشووی پەرلەمان ئەندازیاری تێدا نەبووە، ئێمە ئەو فەراغە پڕدەکەینەوە، ئێمە هەوڵی یەکەمی دەدەین بە پشتیوانیی خوای گەورە و هاووڵاتییان."
 
عەباس محەممەد، سەرۆکی لیستی کۆمەڵی دادگەری لە بازنەی هەڵەبجە ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمە بەڵێنمان داوە سەرکەوتنی گەورە تۆمار بکەین، بچینە ناو حکومەتەوە بەرپرسیار دەبین لە خزمەتکردنی ئەم شارە و خزمەتیشی دەکەین. ئەرکی سەرشانمانە؛ نەشچووینە حکومەت، دەبینە ئۆپۆزیسیۆنێکی کارا و گوشاری تووند دەکەین، تاوەکو حیزبەکانی دەسەڵات ناچار بە خزمەتکردنی ئەم شارە بکەین. ئێمە لە کۆمەڵی دادگەریی کوردستان و برایانمان لە بزووتنەوەی پەیوەندی لە بازنەی هەڵەبجە، ململانێ لەسەر کورسییەکەی هەڵەبجە دەکەین."
 
یەکێتی کە حیزبی باڵادەستی ناوچەکەیە و پارتی کە لە شێوازی بەڕێوەبردنی پارێزگاکە ناڕازییە، هەردووک هەوڵی بەدەستهێنانی زۆرینەی کورسییەکان و بەڵێنی گەیاندنی خزمەتگوزاری دەدەن.
 
حەیدەر نیعمەت، گوتەبێژی لیستی یەکێتی لە بازنەی هەڵەبجە و لێپرسراوی بەشی هەڵبژاردن گوتی، "بەڵین دەدەین خەڵک نیو کاژێر لەگەڵ ئیمە بن، چوار ساڵ لەگەڵیان دەبین، تموحی باشمان لە هەڵەبجە هەیە و ئەوەندە خزمەتمان کردووە، خەڵکیش دەزانێت و چاومان لە هەرسێ کورسییەکەیە."
 
هۆشیار حوسێن، سەرۆکی لیستی پارتی لە بازنەی هەڵەبجە باسی لەوە کرد، "شاری هەڵەبجە لە ساڵی 1889 لەگەڵ کوەیت بوون بە قەزا، کوەیت بوو بە دەوڵەت و هەڵەبجەش ئەوەیە دەیبینین. لێرە حکومەت نییە، حیزب حکومەتە، هەموو پلە و پۆستەکان لەسەر بنچینەی ئینتیمای حیزبی دانراوە، هەڵەبجە بەم رۆژە گەیشتووە، بەڕاستی ئەمجارە ئێمە دەمانەوێت خەڵک دەنگ بدەنە پارتی بۆئەوەی دەستی ئاوەدانی بهێنینە هەڵەبجە، هەلی کار بۆ گەنجەکانمان بڕەخسێنین، ئیدی کۆچی پێچەوانە دەست پێبکات، ئێمە بەڵێن دەدەینە دەنگدەران دەنگی ئەوان بۆ پارتی بێت دەستی ئاوەدانی دەهێنینە ئەم شارە، پێشبینی دەکەین دوو کورسی بهێنین پشت بە خوا و بە جەماوەری هەڵەبجە."
 
بە گوتەی هاونیشتمانییان، خزمەتگوزاری لە هەڵەبجە کەمە و لە زۆر روووەوە هێشتا هەر بە ناو پارێزگایە؛ پرسێک بانگەشەی تێدا چڕتر و پێشبینیی ئەنجامی زەحمەتتر کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 فەرهاد تێلۆ، سەرۆکی پارتی لیبراڵی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 11:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو

پارتی لیبراڵی کوردستان: دووبارە بەنداوی تشرین بۆردوومان کرا

سەرۆکی پارتی لیبراڵی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ گرووپە چەکدارەکان بە رۆکێت هێرشیان کردووەتە سەر بەنداوی تشرین، گوتیشی: ''نامانەوێت بەبێ ئەنەکەسە بچینە شام، بەڵام ناتوانین هەر چاوەڕێ بین، پێویستە هەڵوێستی خۆیان روون بکەنەوە.''