کێبڕکێی بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ لە هەولێر گەرمە

رووداو دیجیتاڵ 

وادەی کاژێرەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن زۆریان نەماوە، 24 کاژێری کۆتایی گەرم و گوڕترین رۆژی بانگەشە دەبن.
 
هەولێر چەقی ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەکانە و پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، بۆ ئەمجارەش نیوەی زیاتری کورسی بازنەکە مسۆگەرە.
 
هەڵگورد شێخ نەجیب، بەربژێری پارتی لە بازنەی هەولێر بە رووداوی گوت: "متمانەی خەڵک ئێستا بە پارتی زۆر زیاترە، خەڵک گەیشتوون بەو رایەی کە تاکە حیزب قسە و کرداری یەکبن تەنیا پارتییە، دڵنیاین لەوەی پارتی لەم هەڵبژاردنە ئەو کورسیانەی کە پێشتر هێنابوونی، نەک هەر پارێزگاری لێدەکات بەڵکو زیادیشیان دەکات، ئێمە دڵنیاین لەوەی کە کورسیەکانمان لە جاری پێشووتر زیاتر دەبن."
 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە 64 بەربژێر لە کێبڕکێی بردنەوەی کورسییەکانی بازنەی هەولێرە، لەم هەڵبژاردنە چاوی لە سێیەکی کورسی بازنەکەیە.
 
لوقمان وەردی، بەربژێری یەکێتی لە بازنەی هەولێر دەڵێت: "بەپێی پێشبینییەکانی خۆمان کە کردوومانە، لە بازنەی هەولێر لە سەرووی 10 کورسی لەم هەڵبژاردنە مسۆگەرن بۆ لیستی 129یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان."
 
کۆمەڵی دادگەری کوردستان لە خولی رابردووی پەرلەمان خاوەنی حەوت کورسی بوو، گرەوی ئەمجارەیان بۆ چارەگی کۆی کورسییەکانی پەرلەمانە.
 
عەبدولستار مەجید، سەرۆکی لیستی کۆمەڵی دادگەری لە بازنەی هەولێر باس لەوە دەکات کە "کۆمەڵ ئەگەر بە 7 کورسی بە قەدەر 30 بۆ 40 کورسی هەڵوێستی هەبوو، سبەی ئەگەر 20 کورسیمان هێنا چی دەکات؟ بێگومان کۆمەڵ ئەوکات هەڵوێستی زیاتر دەبن و پڕۆژەیاساکانی کە باش بوون لە پەرلەمان و چاودێرێکی تووندتریش دەبێت بەسەر دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە."
 
395 بەربژێر لە بازنەی هەولێر کێبڕکێی بە دەستهێنانی 32 کورسی پەرلەمان دەکەن، 14 بەربژێری پێکهاتەکانیش بۆ دوو کورسی لە هەوڵ و کۆششدان.