نێچیرڤان بارزانی دەچێتە ئەنقەرە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی چوارشەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی دەچێتە ئەنقەرە و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆدەبێتەوە.
 
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رۆژی سێشەممە، 15-10-2024 رایگەیاند: هەردوولا "بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى توركيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى ناوچه‌كه‌ تاوتوێ ده‌كه‌ن."
 
بەگوتەی دڵشاد شەهاب، "چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، بيروڕا ده‌گۆڕنه‌وه‌."
 
بڕیارە سبەی بەیانیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بگاتە ئەنقەرە ئەم سەردانەش دوای شەش مانگ دێت لە سەردانی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ بەغدا و دواتریش بۆ هەولێر و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان. 
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، دوو تەوەری سەرەکی لە کۆبوونەوەکەی نێچیرڤان بارزانی و رەجەب تەیب ئەردۆغان دا دەبن، یەکێکیان بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیایە، تەوەرێکی دیکەش دۆخی ناوچەکە و کاریگەری شەڕی ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لەسەر عێراق و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە دەبێت.
 
پەیوەندییە ئابوورییەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان
 
مستەفا عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت:  ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا دا ‏لە پلەی یەكەمدایە ئاستەكەی ساڵانە نزیكەی 12 ملیار دۆلارە.
 
ئیبراهیم خەلیل دەروازەیەکی فەرمیی نێودەوڵەتیی تورکیایە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، زۆربەی هاوردەی کاڵا بۆ هەرێمی کوردستان لەو دەروازەیەوە دەکرێت، لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە کاڵا بۆ بەشەکانی دیکەی عێراق دەڕوات، هاوکات دەروازەی دیکەی فەرمی هەن، لەوانە زێت و سەرزێڕی کە زیاتر بۆ هاتووچۆی خەڵک بەکاردێت.
 
هەناردەی تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق لە چارەکی 2024 دا  33.90٪ زیادیکردووە و گەیشتووەتە دوو ملیار و 731 ملیۆن و 317 هەزار دۆلار.
 
بە گوێرەی داتاکانی ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا، لە ماوەی نێوان یەکی کانوونی دووەم تاوەکو 31ـی ئاداری 2024، بە بەهای پێنج ملیار و 948 ملیۆن و 129 هەزار دۆلار کاڵا لە تورکیاوە بۆ هەرێمی کوردستان، عێراق، بولگاریا، یۆنان، جۆرجیا، ئێران، سوریا و ئەرمینیا هەناردە کراوە.
 
رۆژی 22-04-2024 شاندێکی باڵای تورکیا بە سەرۆکایەتیی ئەردۆغان سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانیان کرد. سەردانەکەی ئەردۆغان لە پاش 13 ساڵ هات بۆ عێراق. 
 
لە میانی سەردانەکەی بۆ عێراق ئەردۆغان هاتە هەولێر و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. دواتر سەرۆککۆماری تورکیا سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەکانی بە "بەرهەمدار" ناوبرد و رایگەیاند: "بەم نزیکانە کاریگەرییەکانی ئەو گەشتە دەبینرێن."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە