لاهوور شێخ جەنگی: لە سلێمانی قاچاخچێتی بە دەرمان و ماددەی هۆشبەر و هێلکە و دوگەوە دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ 

لاهوور شێخ جەنگی رایگەیاند، "لە دوای 8ی تەممووزەوە، لە سلێمانی شاخ و بەرزاییەکان داگیر دەکرێن و دەفرۆشرێن، قاچاخچێتی بە دەرمان و ماددەی هۆشبەر و هێلکە و دوگەوە دەکرێت و پارەی دزراوی سلێمانی لە وڵاتانی دەرەوە دەستیبەسەردا دەگیرێت."
 
لیستی بەرەی گەل لە سلێمانی کەرنەڤاڵێکی بۆ سەرخستنی لیستەکە ئەنجامدا و لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی لیستی بەرەی گەل دوایین پەیامی لیستەکەی پێشکێش کرد و تێیدا سوپاسی خەڵکی سلێمانی کرد.
 
لە پەیامەکەیدا سەرۆکی لیستی بەرەی گەل گوتی: "ئێستا هاوکێشەیەکی نوێ لە هەرێمی کوردستان هەیە و ئەویش بریتییە لە دیموکراسی بەرامبەر بە دیموکراسی و هێز بەرامبەر هێز." 
 
لاهوور شێخ جەنگی، شاری سلێمانی بە "شادەماری هەموو گۆڕانکارییەکی سیاسیی" ناوبرد و ئاماژەی بەوەش کرد، "هەر هێزێک سلێمانی پاڵپشتی کردبێت سەرکەتوو بووە، هەر هێزێکیش سلێمانی پشتی تێکردبێت، نەیتوانیوە خۆی بگرێت."
 
سەرۆکی لیستی بەرەی گەل باسی لە دۆخی پارێزگای هەڵەبجە کرد و ئاماژەی بەوە کرد، کە هەڵەبجە پشتگوێ خراوە و دەبێت ئەو شارە "زیاتر" خزمەت بکرێت.
لاهوور شێخ جەنگی باسی لە رووداوەکانی هەشتی تەممووز کرد و بە "پیلانگێڕی" ناویبرد و ئاماژەی بەوەش کرد، لەدوای 8ی تەممووزەوە راستییەکان ئاشکرا بوون.
 
رۆژی 8ـی تەممووزی 2021، ئاڵۆزییەکانی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زەقبوونەوە دوای ئەوەی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی ئەوکاتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرپرسانی دەزگەی زانیاری و دژەتیرۆری گۆڕی، ئەوەش نیگەرانیی لاهوور شێخ جەنگی لێکەوتەوە و دواتر پەیوەندییەکانیان گرژتربوو، تاوەکو گەیشتە ئەوەی رۆژی 15ـی تەممووز مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەسەڵاتەکانی لە لاهوور شێخ جەنگی وەکو هاوسەرۆک وەرگرتەوە.
 
لە گوتارەکەیدا لاهوور شێخ جەنگی ئاماژەی بەوەش کرد، "لە دوای 8ی تەممووزەوە، لە سلێمانی شاخ و بەرزاییەکان داگیر دەکرێن و دەفرۆشرێن، قاچاخچێتی بە دەرمان و ماددەی هۆشبەر و هێلکە و دوگەوە دەکرێت و پارەی دزراوی سلێمانی لە وڵاتانی دەرەوە دەستیبەسەردا دەگیرێت."
 
لە کەرنەڤاڵەکەدا لاهوور شێخ جەنگی دوو بەڵێنی بە هاونیشتیمانییان دا و گوتی، ئەگەر هاونیشتیمانییان متمانەیان پێبکەن، لە "رووی داراییەوە کۆتایی بە دزی و تاڵانی داهاتی هەرێمی کوردستان دەهێنن و ژیان و سەلامەتی هاونیشتیمانییان لە بۆردوومانی ئێران و درۆنی تورکی دەپارێزن."
 
چەند رۆژێکە ژمارەیەک بەربژێری لیستی گەل لە دهۆک چوونە ناو یەکێتی، سەرۆکی لیستی بەرەی گەل لە گوتارەکەیدا سوپاسی بەربژێرەکانی لیستەکەی لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان کرد، بەوەی "بەرگەی هەموو جۆرە هەڕەشەیەکیان گرت و پارە و سەروەت و سامانی دنیا نەیخەڵەتاندن".
 
هەروەها لاهوور شێخ جەنگی رووی لە بەربژێرەکانی لیستەی کرد و گوتی، "من هەرگیز هەڵوێستی ئەو بەربژێرانە لەبیرناکەم کە کڕین و فرۆشتنیان پێوە نەکرا و خۆیان نەکردە کاڵا".
 
ئەمڕۆ دوایین رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانە و کاژێر 12:00 بانگەشە کۆتایی دێت. 
 
دەنگدانى تایبەت بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە 18ى ئەم مانگە دەکرێت و دوو رۆژ دواتریش دەنگدانى گشتى دەکرێت.