سەرۆک بارزانی: هیوادارم دوای هەڵبژاردن هەموو لایەنەکان بە پارتیشەوە بەخۆیاندا بچنەوە

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆک بارزانی لە هەولێر رایگەیاند، یەکەم کاری خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان نووسینەوەی دەستوورە، گوتیشی دەستی برایەتی بۆ هەموو لایەک درێژ دەکەن و هیوای خواست هەموو لایەنەکان بە پارتیشەوە بەخۆیاندا بچنەوە.

ئەمڕۆ لە دوایین رۆژی بانگەشە بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و جێگرانی سەرۆکی پارتی بانگەشەیەکی گەورەیان رێکخست.
 
سەرۆک مەسعود بارزانی، لە گوتارەکەیدا سوپاسی دەزگا و دامەزراوەکانی پارتی کرد لە چۆنیەتی بانگەشەدا و گوتی "سەرەڕای سنوورشکێنی هەندێک لایەن بەکارهێنانی زمانی زبر و وشەی نەشیاو، بەڵام ئێمە تەحەمولمان کرد سوپاسی هەموو دامودەزگاکانی پارتی دەکەم، کە نەهاتنە ئەو ئاستەی نزمەی کە هەندێک کەس دەیانویست پارتی بۆ رابکێشن".
 
سەرۆک بارزانی هەروەها کارە لە پێشینەکانی کابینەی داهاتووشی دیاریکرد، "خواست و ویستی خەڵکی کوردستان دەبێتە بەرنامەی کاری کابینەی داهاتوو، خزمەتکردنی زیاتر، ئەمن و ئاسایشی و بارسوککردنی سەرشانی خەڵکی کوردستان و نابێت لە دوای هەڵبژاردن ئەم فەوزایە ببینین و بمێنێت لە کوردستان، یەک هەرێم، یەک پەرلەمان، یەک حکومەت و یەک هێزی پێشمەرگە، کۆتاییهێنان بە هاوپەیمانی مافیا و تیرۆر. لە هەمووشی گرنگتر، کۆتاییهێنان بە بازرگانی و دروستکردنی مادەی هۆشبەر کە گەورەترین مەترسییە لەسەر ئایندەی ئەم میللەتە و گەورەترین خیانەتە، کە بەرامبەر ئەم میللەتە دەکرێت".
 
سەرۆک بارزانی لە بەشێکی گوتارەکەیدا ئەرکی پەرلەمانی داهاتووی دیاریکرد، کە دەبێ کارە گرنگەکانیان چی بێت، "پەرلەمانی داهاتووی ئەرکێکی قورسی لە پێشە، بۆیە پێویستی بە خەڵکێکە کە دڵسۆزبن بۆ گەل و نیشتمان و ئەم هەرێمە و وەفاداربن بۆ خوێنی شەهیدان، یەکەمین کاری پەرلەمانی داهاتوو نووسینی دەستوورە، هەموارکردنەوەی هەندێک یاسایە و دەرکردنی یاسای دیکەیە و سڕینەوەی ئاسەواری ئەو بڕیار و پلانانەیە، کە لە دژی هەرێمی کوردستان دەرچوون و ویستیان قەوارەی هەرێمی کوردستان تێکبدەن".
 
سەرۆک بارزانی لە گوتارەکەیدا رایگەیاند، کە دوای هەڵبژاردن دەستی برایەتی بۆ هەموو لایەک درێژ دەکەن و گوتی "هیوادارم دروشمی لایەنەکانی دیکە کێبڕکێ بووایە لەگەڵ پارتی لەسەر پڕۆژەی باشتر، خزمەتی باشتر و تەبایی و برایەتی قووڵتر، بەڵام لەگەڵ ئەوەش دوای هەڵبژاردنی 20ی ئۆکتۆبەر، پارتی بە دڵێکی فراوان بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەکی گەورە دەستی برایەتی بۆ هەموو لایەک درێژ دەکات، مەرجی ئێمە تەنیا یەک مەرجە، دڵسۆزی، وەفاداری بۆ خوێنی شەهیدان و بۆ خاکی کوردستان".
 
گوتیشی، "بەو بەرێزانە دەڵێم لە کۆتاییدا هەموومان کوردین، کوردستانین خەڵکی ئەم وڵاتەین، بیر لەوە مەکەنەوە بە دژایەتی و تەحەدای پارتی هیچتان دەست بکەوێت، بەخوا ئەوەی بە دۆستایەتی و برایەتی لەگەڵ پارتی دەستتان دەکەوێت، بە حەیاتی بە دژایەتی و زۆری دەستان ناکەوێت. ئەوانەی خەون بەوەوە دەبینن کە پارتی بڕوخێنن، کاکی خۆم کەسانی لە ئێوە گەورەتر، زاناتر، دەوڵەتی بەهێز خۆیان تاقی کردەوە و خۆیان رووخان و پارتی هەر مایەوە و دەمێنێت، پارتی داربەڕووە".
 
"هیوادارم دوای هەڵبژاردن هەموو لایەنەکان بە پارتیشەوە بەخۆیاندا بچنەوە و بیر لە ئایندەی هەرێمی کوردستان بکەنەوە و چۆن بیپارێزن، چۆن گیانی برایەتی لەنێو میللەتی کورد قووڵتر بکەنەوە، چۆن سوود لە هەڵەکانی رابردوو وەربگرن و چۆن خزمەتگوزاری باشتر پێشکێشی خەڵکی کوردستان بکەن، ئەمەیە رێگەی راست و پارتی هیچ کات لە بەرپرسیارێتی نەترساوە و رای نەکردووە." سەرۆک بارزانی وای گوت.
 
سەرۆک بارزانی، هەروەها لە گوتارەکەیدا باسی لە رووداوەکانی ناوچەکە کرد و دۆخی ناوچەکەی بە هەستیار وەسف کرد و گوتی لەگەڵ بەغدا لەسەر هێڵن کە عێراق و هەرێمی کوردستان دوور بن لەو ئاگرە و گوتی، "ئەرکی بەرپرسانی هەرێم و بەغدایە کە هەوڵبدەن عێراق و هەرێم نەکەونە ناو ئەو ئاگرە".
 
هەروەها باسی لە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا کرد و جەختی کردەوە، بە پابەندبوون بە دەستوور و رێککەوتنەکان کێشەکان چارەسەر دەبن.
 
رۆژی 18ی مانگ دەنگدانی تایبەت و رۆژی 20ی مانگ دەنگدانی گشتییە بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.