یەکێتیی بەڵێندەران - لقی سلێمانی: بەڵێندەر هەیە 3 ملیار دینار لەسەر حسابەکەیەتی و بژێویی ژیانی بۆ دابین ناکرێت

 
رووداو - سلێمانی

بەهۆی خەرجنەکردنی پارەی بەڵێندەران لە سلێمانی، بەڵێندەر لە وەرگرتنی پڕۆژەی نوێ دەترسێت، بە جۆرێک 80%ی ئەو پڕۆژانەی لە ساڵانی 2022 و 2023 راگەیێندراون، وەرنەگیراون. هاوکات لە کۆی 1300 بەڵێندەر، نزیکەی 150ی لە کاردایە و بەشێکیشیان چوونەتە شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بۆ کارکردن.
 
یەکێک لە بەڵێندەرە دیارەکانی سلێمانی، کە 9 پڕۆژەی راگیراوی هەیە و سێ ملیار دیناری لای حکومەتە و پێی نەدراوە؛ باسی یەکێک لە پڕۆژەکانی دەکات و دەڵێت، قوتابخانەیەکی 18 پۆلییە و لە ساڵی 2014 دەست بە دروستکردنی کراوە، دەبوو پاش دوو ساڵ تەواوبکرایە، بەڵام نیوە کەمتری پارەکەی وەرگرتووە، بۆیە تەواو نەبووە و زیانێکی زۆریش بەر قوتابخانەکە کەوتووە.
 
محەممەد رەشید، ئەو بەڵیندەرەیە و ئاماژەی بەوە کرد، "80%ی قوتابخانەکەم تەواو کردبوو، بەڵام بەهۆی پێنەدانی پارەوە قوتابخانەکەم بۆ تەواو نەکرا، نەمتوانی رادەستی حکومەتی بکەم، بۆیە زۆرینەی سیستمی کارەبایی و دەرگا و پەنجەرە و جبسن بۆرد و زۆر کەرەسەتەی دیکەی بیناکە شکێندران یان تێکدراوە و براوە."
 
بەڵێندەرەکە دەشڵێت، "ئەگەر دوو یان سێ سولفەی دیکەم وەربگرتایە، هەموویمان تەواو دەکرد، بەڵام ئێستا نزیکەی 500 ملیۆن دیناری دیکەم پێویستە تاوەکو وەکو پێشتری لێ بکەمەوە."
 
محەممەد رەشید گوتیشی، "بەم دۆخەشەوە هێشتا قەرزداری خەڵکین، ئەوانیش مافی خۆیانە، کرێکاریش پێویستی بە پارەیە ئەگەر نەیدەیتێ رێگەت لێ دەگرێت."
 
سەتان بەڵێندەری وەکو محەممەد رەشید لە سلێمانی و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانەوە بۆ کارکردن روویان کردووەتە شارەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان؛ ئەو دەڵێت، "نزیکەی 300 بۆ 400 بەڵێندەری هەرێمی کوردستان لە شارەکانی خوارووی عێراق کار دەکەن، ئەگەر پارەیان بۆ خەرج بکرێت، دێنەوە لە هەرێمی کوردستان خزمەت دەکەن."
 
لە یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان - لقی سلێمانی نزیکەی 1300 بەڵێندەر تۆمار کراون، ئێستا نزیکەی 150 بەڵێندەر لە کاردان.
 
قادر ساڵح یەکێکە لەو بەڵێندەرانەی وازی لە کارەکەی هێناوە و لە کۆمپانیایەک بە مووچەی مانگانە کار دەکات، لە کاتێکدا پێشتر هەشت پڕۆژەی تەواو کردووە و 275 ملیۆن دیناری لای حکومەتە، خۆیشی قەرزداری دەیان کەسە؛ دەڵێت، "وایدابنێ کرێکاری دەکەم، چونکە ئیفلاسم کردووە، بەڵێندەرەکانی هاوڕێشم وەک منن، ئەو پارەیەشمان بۆ خەرج کرابێت، چەکی بانکی بووە و لە بازاڕ بە نیوەی نرخی خۆی فرۆشتوومانەتەوە، چونکە پێویستمان بە پارەکە بوو و لە بانکیش پارەکەیان پێنەدەداین."
 
لە ساڵی 2014وە نزیکەی 1100 پڕۆژەی بەڵێندەران وەستاون، کە سێکتەرەکانی ئاوەدانکردنەوە، ئاو، پەروەردە، تەندروستی، شارەوانی و کارەبا پێکدەهێنن، هەرچەندە لەم دوو ساڵەدا نزیکەی 200 پڕۆژەیان کەوتنەوە کار، بەڵام نەیتوانی کاریگەریی لەسەر گەشەی کاری کرێکارانی رۆژانە بە شێوەیەکی بەرچاو هەبێت.
 
تیمی رووداو چووە لای ژمارەیەک کرێکار، کرێکارەکان هەر کە چاویان بە تیمی رووداو کەوت، هەموویان بەرەوپیریان چوون و وایان دەزانی کرێکاریان پێویستە، کە تیمی رووداو نزیکبوونەوە و کرێکارەکان ناسینیانەوە، دەستیان بە باسکردنی بێکاری و خراپیی گوزەرانیان کرد.
 
عەدنان حامید، کرێکار دەڵێت، کرێچییە و چوار بۆ پێنج رۆژە کاری دەستنەکەوتووە؛ باس لەوەش دەکات، ئیش نییە، بۆیە ناتوانێت بژێویی ژیانی دابین بکات.
 
عەلی عەزیز، یەکێکی دیکەیە لە کرێکارەکان، ئاماژە بەوە دەکات، لە ساڵی 2015وە ئیش زۆر کز بووە، رۆژێک ئیش هەیە و رۆژێک نییە،  کرێی رۆژانەشیان نزیکی 25 هەزار دینارە و بەشی بژێوییان ناکات.
 
نزیکەی 309 ملیار دیناری بەڵێندەرانی سلێمانی لای حکومەتە، کە وایکردووە بەشێک لە بەڵێندەران ئیفلاس بکەن یان چەکێکی بانکی کەمبەهایان پێبێت.
 
ژین عەبدوڵڵا، گوتەبێژی یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان - لقی سلێمانی، ئەوەی خستەڕوو، 10% بۆ 15%ی بەڵێندەران ماون، کە کاری تازە دەکەن، ئەوانی دیکە پڕۆژەیان هەیە و کارەکانیان راگیراوە، بە خەرجکردنی پارەکانیان پڕۆژەکانیش دەکەونەوە کار.
 
گوتەبێژی یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان - لقی سلێمانی گوتیشی، "بەڵێندەرمان هەیە پارەی پێ نییە و بژێویی ژیانیشی وەکو پێویست بۆ دابین ناکرێت، بەڵام لەسەر هەژمارە بانکییەکەی نزیکەی سێ ملیار دینار هەیە."
 
یەکێک لە کێشە دیارەکانی بەڵێندەر، ئەو چەکە بانکییانەیە کە حکومەت پێیداون، بەڵام کەم بەهان، چونکە کاتێک بەڵێندەرێک پاکتاوی حساباتەکانی دەکات، چەکە بانکییەکەی لێ وەرناگیرێت و داوای پارەی کاشی لێ دەکرێت.
 
خەرجنەکردنی پارەکانیان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، وای لە بەڵێندەران کردووە لە وەرگرتنی پڕۆژەی نوێ بترسن، بە جۆرێک بەپێی داتاکانی یەکێتیی بەڵێندەرانی سلێمانی، لە ساڵانی 2022 و 2023دا نزیکەی 120 پڕۆژە راگەیێندراون، 80%ی ئەو پرۆژانە بەڵێندەر وەری نەگرتوون، ئەوەش کە وەرگیراوە هیچی تەواو نەبووە.