بافڵ تاڵەبانی: پڕۆژەی بیست سیمان هەیە
رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێر لە دوایین رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردن دا کەرنەڤاڵێکی جەماوەریی بۆ سەرخستنی لیستەکەی کرد و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی بۆ ئەو کەسانە نارد کە دەنگدەری هیچ حیزبێک نین و داوای لێکردن دەنگ بدەنە یەکێتی.
رۆژی سێشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمی 2024، کەرنەڤاڵەکەی یەکێتی لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە هەولێر بەڕێوەچوو. بافڵ تاڵەبانی گوتی لەبارەی پێکهاتەکانەوە گوتی "نابێت چیدیکە پێکهاتەکان بەکاربهێندرێن."
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی بۆ ئەو کەسانەش نارد کە لایەنگری یەکێتی نین و دەنگدەری هیچ لایەنێک نین و گوتی "سەیری یەکێتی بکەن، کە لە ماوەی سێ ساڵ دا چی کردووە، ئینجا بڕیار لەسەر ئەوە بدەن دەنگ بە کێ دەدەن." هەروەها داوای لە خەڵک کرد، بچن بەشداری دەنگدان بکەن.
بافڵ تاڵەبانی گوتی کە پڕۆژەیەکیان هەیە بەناوی پڕۆژەی بیست سی (پڕۆژەی 2030) و لەم رۆژانەدا بڵاوی دەکەنەوە و گوتی: "بەرنامەکەمان چەند قۆناخێکی هەیە، ئەمنیەتی میللەتەکەمان دەپارێزین، با حکومەت شەفاف بێت؛ لە چی بترسین؟ پێویستیمان بە ریفۆرمە لە مەحکەمە، توخوای گەورە ئەوەی ئێمە هەمانە مەحکەمەیە؟".
هەروەها سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت لەگەڵ لایەنەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان کار بۆ بوونی سیاسەتی نەوت و گاز بکەن و رەخنەی لە بەڕێوەبردنی ئێستای دۆسیەی نەوت و گاز گرت.
ئەمڕۆ دوایین رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانە و کاژێر 12:00 بانگەشە کۆتایی دێت.
دەنگدانى تایبەت بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە 18ى ئەم مانگە دەکرێت و دوو رۆژ دواتریش دەنگدانى گشتى دەکرێت.