بەرزەپردی دەروازەی قەزای سۆران 65٪ی کارەکانی تەواو بووە

 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی لیژنەی سەرپەرشتیی پڕۆژەی بەرزە پردی دەروازەی شاری سۆران لە پارێزگای هەولێر دەڵێت، 65٪ی کارەکانی پڕۆژەکە تەواو بوون و پێشبینی دەکەن، تاوەکو سەری ساڵی کارەکانی کۆتاییان بێت.
 
رۆژی سێشەممە 15ی تشرینی یەکەمی 2024 ئامانج وریا، سەرۆکی لیژنەی سەرپەرشتیی پڕۆژەی بەرزەپردی دەروازەی شاری سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، گوژمەی پڕۆژەکە زیاتر لە 34 ملیار دینارە و "لە نێوەڕاستی شوباتەوە کارکردن تێیدا دەستیپێکردووە. زیاتر لە ساڵێک بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە داندرابوو، بەڵام زووتر تەواو دەبێت".
 
ئامانج وریا گوتی، "بەرزەپردی دەروازەی شاری سۆران 65٪ی کارەکانی تەواو بووە. کارەکان زۆر بە خێرایی دەکرێن و پێشبینی دەکەین سەری ساڵ پڕۆژەکە تەواو بێت".
 
سەرۆکی لیژنەی سەرپەرشتی پڕۆژەکە رایگەیاند، "ئەم پڕۆژەیە جووڵەی بازرگانی لە دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران ئاسانتر دەكات، قەرەباڵخی نێو شاری سۆران ناهێڵێت و رووداوەکانی هاتووچۆ کەم دەکاتەوە."
 
پڕۆژەی بەرزەپردی دەروازەی قەزای ناوەندیی سۆران لە دوو بەرزەپرد پێکدێت؛ یەکێکیان 154 مەترە و ئەوی دیکەیان 57 مەترە.