باکرهان بۆ باخچەلی: ئێمەش مەراقمانە گوێ لە ئۆجەلان بگرین

 
رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان-دەم پارتی داوا لە سەرۆکی مەهەپە دەکات، دەروازەکانی ئیمرالی بکەنەوە، بۆئەوەی گوێ لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بگرن.
 
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی ئەمڕۆ سێشەممە 15ی تشرینی یەکەم لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا وەڵامی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا - مەهەپەی دایەوە کە چەند کاژێرێک پێشتر لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی پەیامێکی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ناردبوو.
 
باخچەلی گوتی، "بەبارمتەکردنی ئیرادەی خۆی بۆ ئیمراڵی لەلایەن دەم پارتییەوە، لەگەڵ سرووشت و ئەخلاقی سیاسەتدا ناگونجێت. کاتێک هێندرایەوە تورکیا گوتی بۆ هەموو خزمەتێک ئامادەم. با بفەرمووێت تاکلایەنانە رایبگەیێنێت کە تیرۆر کۆتایی هاتووە و رێکخراوەکەی پاکتاو دەکرێت. ئێمە دەستی خۆمان درێژ دەکەین نەک بۆ پرۆسەیەکی نوێ، بەڵکو بۆ برایەتی و تەبایی. جگە لەوەش من لە هەمان خاڵدام، هەمان بیرکردنەوەم هەیە."
 
باکرهان لەبارەی پەیامەکەی باخچەلی بۆ ئۆجەلان گوتی، "باخچەلی ئەمڕۆ داوایەکی لە بەڕێز ئۆجەلان کرد، بەڵام نازانێت بۆ ئەوەی بانگەوازەکەی بگات پێویستە گۆشەگیریی لەسەر بەڕێز ئۆجەلان هەڵبگیرێت. 44 مانگە بەڕێز ئۆجەلان نەیتوانیوە لەگەڵ پارێزەرەکەی و بنەماڵەکەی دیدار بکات. بەڕێز باخچەلی، ئێمەش وەکو تۆ مەراقمانە بزانین ئۆجەلان چی دەڵێت و چ جۆرە بانگەوازێک دەکات. کاتێک گۆشەگیرییەکە هەڵبگرن، دەبینین بەڕێز ئۆجەلان چی بە رێکخستنەکەی و هاوڕێکانی دەڵێت. با پێکەوە ببینین و سەیری بکەین."
 
باکرهان راشیگەیاند، "جەهەپە دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ لە چارەسەری دیموکراسیانەی کێشەی کورد بگێڕێت."
 
باکرهان داوای لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی نێو پەرلەمانی تورکیا کرد و گوتی: "ئێمە دەڵێین، با ئاشتی و دیموکراسی و مافی ئەوانەی داوای ماف دەکەن، لەم قۆناخەی یاساداناندا لە ژێر سەقفی ئەم پەرلەمانەدا پێکەوە لە رێگەی گفتوگۆ و دیالۆگەوە بخەینە بواری کردەوە. 
 
باکرهان گوتیشی، "کورد بڕیار دەدات لەگەڵ کێ قسە دەکات، لەگەڵ کێ دادەنیشێت، دەستی کێ دەگرێت. جگە لەوەش ئێمە لەگەڵ کەس لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە دانانیشین و قسە ناکەین و شتێک لێنانێین. بۆیە ئەوانەی دەڵێن: (کورد رێککەوتنی لەگەڵ حکومەت کرد)، هەر لە سەرەتاوە بەربەستن لەبەردەم زەمینەی ئەگەری گفتوگۆ. ئەوان دەیانەوێت ئەم وڵاتە بەبێ چارەسەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت."