قایمقامی عەنکاوە: قەرەبووی جووتیار و خاوەن زەوییەکانی سنوورەکەمان دەکرێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

قایمقامی قەزای عەنکاوە رایدەگەینێت، دوای 53 ساڵ چاوەڕوانی جووتیار و خاوەن زەوییەکانی سنووری عەنکاوە قەرەبوو دەکرێنەوە و دەستکراوە بە دروستکردنی 720 شووقە بۆ کەمدرامەتان. دەشڵیت، پێنج پرۆژەی خزمەتگوزارییان لە گەڕەکەکانی قەزاکەدا بەهۆی قەیران و نەبوونی نەختینە راگیراون.
 
رامی نووری، قایمقامی قەزای عەنکاوە میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو کە رۆژانە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات و باسی لە پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی قەزای عەنکاوەی کرد و گوتی، رۆژی رابردوو سێ بڕیاری زۆر گرنگ لەلایەن سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ قەزای عەنکاوە دەرکران؛ لەوانە قەرەبووکردنەوەی جووتیاران و خاوەن زەوییەکانی سنووری عەنکاوە ئەوانەی لەماوەی 53 ساڵی رابردوودا زەوی و موڵکەکانیان کوژێنراوەتەوە و قەرەبوو نەکراوەتەوە، هەموویان قەرەبوو دەکرێنەوە.
 
بەگوتەی رامی نووری، ئەو خاوەن زەوییانە لە 1971ـەوە تائێستا زەوییان کوژاندەوەی بۆ کراوە و قەرەبوویان وەرنەگرتووە و هەزاران خێزان دەبن، چونکە بەشێک لە خاوەن موڵکەکان لە ژیان نەماون و ئێستا واریسەکانیان قەرەبووەکە وەردەگرن.
 
رامی نووری گوتی: "هەر رۆژی رابردوو لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە بەردی بناخەی 720 یەکەی نیشتەجێبوون (شووقە) بۆ خەڵکی کەمدرامەت و ئەوانەی تازە ژیانی هاوژینی پێکدەهێنن و لەچوارچیوەی ئەو 20 هەزار یەکەیە کە بۆ کەمدرامەتان دروست دەکرێت، دانرا." گوتیشی، جگە لەو دوو بڕیارە، پارکێکی گشتییش لەسەر رووبەری زیاتر لە 56 هەزار مەتر دووجا دروست دەکرێت کە نزیکەی 5 ملیار دیناری تێدەچێت و دەبێتە پارێکێکی نموونەیی بۆ عەنکاوە.
 
لەبارەی پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ قەزاکە، قایمقامی عەنکاوە گوتی، لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا چەند پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری جێبەجێکراون لە قەزاکەدا، لەوانە نۆژەنکردنەوەی شەقام و رێگە نێوخۆییەکان و دانانی تۆڕی کارەبای سەرتاسەری لە گەڕەکی 128ی عەنکاوە.
 
چەند هاونیشتمانییەک پەیوەندییان بە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو کردووە و دەڵێن: "دانیشتووی گەڕەکی 128 عەنکاوەین و چەندین ساڵە خزمەتگوزاریی رێگە و قیرتاوی گەڕەکەکە نەکراوە."
 
رامی نووری دەڵێت، پرۆژەی خزمەتگوزاری رێگەسازیی گەڕەکی 128 لە ساڵی 2022 بەردی بناخەی دانراوە بە گوژمەی 5 ملیار و 871 ملیۆن، بەڵام بەهۆی قەیران و نەبوونی نەختینەوە راگیراوە، جگە لەوەش هەروەها لە گەڕەکەکانی 147 و 133 و عەنکاوەی کۆن و دەروازی عەنکاوە پرۆژەکانیان گرفتی دارایی و نەختنەی هەیە و وەستاون.
 
تشرینی یەکەمی 2021، عەنکاوە کرا بە قەزا، قایمقامی قەزاکە دەڵێت، بۆ زیاتر خزمەتکردنی سنوورەکەیان لە چەند مانگی رابردوودا، فەرمانگەکانی ئاو و کارەبا و کشتوکاڵ و پۆستە بڕیاردرا بکرێنە بەڕێوەبەرایەتی. هەروەها بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و پۆلیسی شارەوانی بکرێتەوە.
 
لەدوای بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ئاداری 2024 بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا، لەسەر ئاستی شارەوانی شار و شارۆچکەکان سەرقاڵی تەرخانکردنی زەویین بۆ دابەشکردنی بەسەر فەرمانبەران.
 
رامی نووری دەڵێت: "بەهۆی ئەوەی عەنکاوە کەوتووەتە نێو سنووری ماستەرپلانی هەولێر، مەودای فراونبوونی نییە، ئەوەی هەیە فەرمانگەی توێژینەوەی کشتوکاڵی عەنکاوەیە رووبەرێکی فراوانی هەیە و ئەگەر رەگەزەکەی بگۆڕدرێت و بگوازرێتەوە سنووری شارەوانی دەتوانین سوودی لێببینین، ئەگینا دەبێت لە دەرەوەی عەنکاوە زەوی بدرێتە فەرمانبەران."