لەکارلادانی سەرۆکی شارەوانیی ورمێ ئەنجوومەنی شارەکە دابەش دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، شەوی دووشەممە لە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی و داخڕاو دا بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی، سەرۆکی شارەوانیی شارەکەیان لەکار لادا. بەڵام چوار ئەندامی ئەنجوومەنەکە دەڵێن، کۆبوونەوەکە و بریاری لەکارلابردنی سەرۆکی شارەوانی "نایاسایی" بووە.
 
بەپێی زانیارییەکان، شەوی دووشەممە ئەنجوومەنی شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان بە ئامادەبوونی حەوت ئەندام کە هەموویان لە پێکهاتەی ئازەرین، بەبێ ئاگاداری و ئامادەبوونی چوار ئەندامی دیکەی ئەنجوومەنەکە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی و داخڕاویان کردووە، حوسێن مەهدی زادەیان لە پۆستی سەرۆکی شارەوانیی ورمێ لاداوە.
 
لە کۆبوونەوە داخڕاوەکەدا، کەسێک بەناوی جەوان کیا وەکوو سەرپەرشتی شارەوانیی ورمێ دیاریکراوە. 
 
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، چوار لە ئەندامانی ئەنجوومەنی شاری ورمێ، سادق تەوەکولی مێهر، ساسان ئیبراهیم زادە، مورتەزا مەنافی و نەقی کەریمی لە نامەیەکدا بۆ قایمقامی ورمێ ناڕەزایەتی خۆیان لە بەرامبەر بریارەکە دەربڕی و رایانگەیاند، کۆبوونەوەکە و بریاری لادانی سەرۆکی شارەوانیی ورمێ نایاساییە.
 
هەر چوار ئەندامەکە لە نامەکەیاندا دەڵێن، کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنەکان گشتین و بە ئامادەبوونی دوو لەسەر سێی ئەندامانی سەرەکی دەکرێن، بڕیارەکانیش بە زۆرینەی رەهای دەنگی ئامادەبووان دەدرێن، هەروەها ئەنجامدانی کۆبوونەوەی داخراو بە مەرجی رەزامەندی دوو لەسەر سێی ئەندامان دەکرێت، بەڵام لە کۆبوونەوەکەی شەوی دووشەممەی ئەنجوومەنی شاری ورمێدا ئەم بنەما یاساییانە رەچاو نەکراون.
 
ئاماژەشیان بەوە کردووە، کۆبوونەوەکە بە بێ ئامادەبوونی خۆیان و بەبێ رەچاوکردنی رێژەی یاسایی بەڕێوەچووە. بەپێی یاسا کۆبوونەوەکە بە کۆبوونەوەیەکی فەرمی و یاسایی هەژمار ناکرێت، بەو پێیەش ئەو بریارانەی لەو "کۆبوونەوە نایاساییەدا" دراون، هیچ بایەخێکی یاساییان نییە.