کۆمیسیۆن: زیاتر لە 33 هەزار بریکار و چاودێری ناوخۆیی خۆیان تۆمارکردووە
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی دوایین ئاماری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، 30 هەزار و 573 بریکاری حیزبەکان و سێ هەزار و 100 چاودێری رێکخراوە ناوخۆییەکان خۆیان تۆمارکردووە. ئەمڕۆش دوا وادەی خۆتۆمارکردن دەبێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمی 2024، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ دوا وادەی تۆمارکردنی ناوی بریکاری حیزبەکان و چاودێرە ناوخۆییەکانە، واچاوەڕوان دەکرێت ژمارەکان بەرزببنەوە و زۆرترین بریکار و چاودێر خۆیان تۆماربکەن."
بەگوێرەی ئەو ئامارەی کە گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بۆ رووداوی ناردووە، زۆرترین بریکاری حیزب لە سنووری سلێمانی تۆمارکراون و کەمترینیش لە هەڵەبجە، چاودێرە ناوخۆییەکانیش لە دهۆک زۆرترین و هەڵەبجەش هێشتا هیچ چاودێرێکی ناوخۆیی خۆی تۆمارنەکردووە.
دوایین ئاماری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بەمجۆرەیە:
پارێزگای هەولێر
12 حیزب
دوو هەزار و 811 بریکار
16 رێکخراوی ناوخۆیی
733 چاودێر
پارێزگای سلێمانی
14 حیزب
19 هەزار و 791 بریکار
11 رێکخراوی ناوخۆیی
644 چاودێر
پارێزگای دهۆک
10 حیزب
7 هەزار و 706 بریکار
17 رێکخراوی ناوخۆیی
هەزار و 723 چاودێر
پارێزگای هەڵەبجە
دوو حیزب
265 بریکار
"هیچ رێکخراو و چاودێرێک خۆی تۆمارنەکردووە"
کۆی گشتیی بریکاری حیزبەکان: 30 هەزار و 573 بریکار
کۆی گشتیی چاودێرە ناوخۆییەکان: سێ هەزار و 100 چاودێر
بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، ئەمڕۆ دوا وادەی تۆمارکردنی ناوی بریکاری حیزبەکان و چاودێرە ناوخۆییەکان دەبێت.
دەنگدانى تایبەت بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە 18ى ئەم مانگە دەکرێت و دوو رۆژ دواتریش دەنگدانى گشتى دەکرێت.