بەربژێرێکی سەربەخۆ: دەربچم یەکەم کارم پشکنینی ئەو قورئانە دەبێت کە لە پەرلەمان دانراوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەربژێرێکی سەربەخۆ بەڵێن بە دەنگدەران دەدات، یەکەم کاری لە پەرلەمان پشکنینی ئەو قورئانە دەبێت، کە وەزیر و پەرلەمانتاران سوێندی پێدەخۆن. ئەو دەڵێت "گومانم هەیە قورئانیان دانابێت، چونکە هیچیان سوێندەکەیان جێبەجێنەکردووە و تاوەکو ئێستا قورئانەکە کەسی نەگرتووە".
 
فەریق مەعرووف، کارمەندی تەندروستییە و دانیشتووی خەلیفانە، وەک خۆی باسی دەکات "لە 2012ـەوە وازم لە حیزبایەتی ‌هێناوە و کار و کەسابەتی خۆم دەکەم." 
 
ئەو بەربژێرە سەربەخۆیە لەبارەی هۆکاری بەربژێربوونی دەڵێت: "هیچ پلانێکی پێشوەختەم نەبوو، بەیانییەک لە خەو هەستام، بە هاوژینەکەمم گوت پارەم بۆ کۆبکەوە بزانە چەندمان هەیە، بە هەر جۆرێک بێت ملیۆنێک دینارمان ئامادەکرد، بەڵام لە کۆمیسیۆن 250 هەزار دینار قەرزار بوومەوە و دواتر لە برادەرێک وەرمگرت".
 
پێیوایە خۆ بەربژێرکردنی دەرفەتە "دەمەوێت تاقیبکەمەوە، رەنگە خێری تێدابێت و دەربچم."
 
فەریق مەعرووف متمانەی بەخۆی هەیە دەربچێت، بەوپێیەی کارمەندی تەندروستییە لە نەخۆشخانەی خەلیفان، دەڵێت: "پەیوەندی کۆمەڵایەتیم لەگەڵ خەڵک زۆر باشە، زۆر خزمەتی خەڵک و نەخۆشانم کردووە".
 
ئە بەربژێرە بە رووداوی گوت "بەڵێنم بە خودا داوە، ئەگەر دەربچم، مانگانە دوو ملیۆن لە مووچەکەم ببەخشمە هەژار و نیڤشکانان، هەروەها بەڵێنی ئەوەم داوە ئەگەر ئۆتۆمبێل بدەنە پەرلەمانتاران، من وەرینەگرم، بەڵکو لەبەردەم نەخۆشخانەی نانەکەلی ئۆتۆمبێلەکە دەفرۆشم و دەیبەخشم و بە پیکابەکەم دەوام دەکەم، پەرلەمانتار هیچی لە خەڵکی دیکە زیاتر نییە و دەبێت ئەو رەچەیە بشکێنی".
 
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا فەریق مەعرووف باسی کارنامەکەی دەکات و دەڵێت، ئەگەر دەربچێت، یەکەم کاری پشکنینی ئەو قورئانە دەبێت، کە پەرلەمانتاران و کابینەی حکومەت سوێندی پێدەخۆن.
 
لەوبارەوە بە رووداوی گوت: "پێموانییە قورئانیان لە پەرلەمان دانابێت بۆ سوێندخواردن، چونکە زۆربەی ئەوانەی سوێند دەخۆن، پابەندی سوێندەکە نەبوونە، کەچی هەر جوانتر و دەوڵەمەندتر دەبن و کەسم نەبینیوە سوێندەکە بیگرێت."
 
 فەریق مەعرووف دەڵێت: "ئەگەر پشکنیم و بینیم قورئان دانراوە، دیارە لەبەر من دایان ناوە، ئەگەرنا هەرگیز پێموانییە ئەو پەرلەمانتار و بەرپرسانە دەستیان لەسەر قورئان دانابێت و سوێندێکی راستەقینەیان خواردبێت، بەوەی راستگۆ و دڵسۆزبن و گەندەڵی نەکەن و خزمەتکاری خەڵک بن".
 
ئەو بەربژێرە پێیوایە، باج بارگرانییەکی زۆرە بۆ خەڵک "ئەگەر بگەمە پەرلەمان پڕۆژەم دەبێت بۆ هەڵگرتنی ئەو بارگرانییە، هەروەها دەبێت کاری جیدی دەکەم بۆ نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان. ناکرێت حکومەت بێ بودجە بێت، بە هەر شێوەیەک و لە هەر دۆخێکدا بین، دەبێت پڕۆژە یاسای بودجە بهێنرێتە پەرلەمان و دەنگی لەسەر بدرێت."
 
فەریق مەعروف تاوەکو ئێستا نزیکەی سێ ملیۆن دیناری لە بانگەشە خەرجکردووە و سێ بەرمیل گازیشی کڕیوە بۆ گەڕان و بانگەشە لە سنووری سۆران، خەلیفان و باڵەکایەتی، ئەو متمانەی بەخۆی هەیە دەربچێت و لەبارەی دەنگدەرانیشەوە دەڵێت: "هەموو ئەو خەڵکەی بەڵێنیان پێداوم، ئەگەر دەنگم بدەنێ بایی سێ کورسی دەنگ دەهێنم."
 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە