دادگەی فیدراڵی لەبارەی سکاڵای مامۆستایانى خوێندنى کوردى لە کەرکووک کۆدەبێتەوە

 
 
رووداو دیجیتاڵ 

دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق یەکەم دانیشتن لەبارەى سکاڵایەک دەکات، کە نۆ مامۆستاى خوێندنى کوردى لە کەرکووک تۆماریان کردووە بۆ ئەوەى راژەکانیان بخرێنە سەر وەزارەتى پەروەردەى عێراق.
 
سکاڵاکە ئەمڕۆ سێشەممە، 15ى تشرینى یەکەمی 2024 تاوتوێ دەکرێت، کە ئەو نۆ مامۆستایە لە سەرۆکوەزیران و سەرۆکى پەرلەمانى عێراق و سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان تۆماریان کردووە.
 
سکاڵاکاران داوا دەکەن پرسی گواستنەوەى راژەکانیان بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتى گشتى پەروەردەى عێراق یەکلابکرێتەوە و رێکارى کارگێڕی و دارایی بۆ ئەو گواستنەوەیە بگیرێتەبەر. سکاڵالێکراوانیش ناچار بکرێت کە قەرەبوویان بکەنەو.
 
محەممەد جەلیل، یەکێک لە سکاڵاکارەکان بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "ئەم دانیشتنەى دادگە پێویستى بە ئامادەبوونى ئێمە نەبووە لە رێگەى پارێزەرەکەمانەوە بەدوادواچوون دەکرێت."
 
زیاتر لە 7,500 مامۆستا و فەرمانبەرى بەشى خوێندنى کوردى لە کەرکووک هەن، کە مووچەیان لەلایەن وەزارەتى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە دەدرێت.
 
لە مادەى 21ى کارنامەى حکومەتەکەى محەممەد شیاع سوودانى دا هاتووە: "سەرجەم قوتابخانەکانى خوێندنى کوردى لە دەرەوەى هەرێمى کوردستان ببەسترێنەوە بە بەڕێوەبەرایەتیى گشتیی خوێندنى کوردى لە وەزارەتى پەروەردەی فیدراڵ و سەرجەم کارمەند و مامۆستاکانیان بگوێزرێنەوە سەر ئەو بەڕێوەبەرایەتییە."
 
یەکێک لە تێبینییەکانى وەزارەتى دارایی عێراق، لەسەر وردبینى لیستى مووچەى مانگى تەممووزى هەرێمى کوردستان ئەوە بووە کە ژمارەیەک فەرمانبەریان هەیە لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانى دیکە و وەکو "لادان" هەژمارى کردووە.