لە شرنەخ خۆپیشاندان و گردبوونەوە قەدەخە کرا
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان خۆپیشاندان و گردبوونەوە بۆ ماوەی سێ رۆژ قەدەخە کرا.
بەگوێرەی راگەیێندراوێک کە لەلایەن پارێزگای شرنەخ بڵاوکراوەتەوە، لە ئەمڕۆ (سێشەممە)، 15ـی تشرینی یەکەمەوە تاوەکو 17ـی تشرینی یەکەم لە سنووری پارێزگای شرنەخ خۆپیشاندان و گردبوونەوە قەدەخە کراوە.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە درا، هەموو جۆرە چالاکییەکی وەک خۆپیشاندان، رێپێوان، لێدوانی رۆژنامەڤانی، گردبوونهوه، خێوهتههڵدان و سهكۆدانان بۆ ماوی سێ رۆژ قەدەخەیە.
هۆکاری قەدەخەکردنەکە بۆ "پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوخۆیی، بەرگرتن لە هەر جۆرە پیلانێکی تێکدەرانەی تیرۆر، پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتییان و رێگری لە سەرهەڵدانی تووندوتیژی" گەڕێندراوەتەوە.
رۆژی 10ـی ئەم مانگەش پارێزگای شرنەخ بڵاوی کردەوە، لە کاژێر 00:01ـی رۆژی پێنجشەممە، 10ـی تشرینی یەکەم تاوەکو کاژێر 23:59 خولەکی رۆژی یەکشەممە، 13ـی تشرینی یەکەمی 2024 خۆپێشاندان و گردبوونەوە لەو پارێزگایە قەدەخەیە.
سەبارەت بە هۆکاری بڕیارەکەش پارێزگای شرنەخ رایگەیاندبوو، لەوانەیە لە چوارچێوەی بانگەوازەکانی پەکەکە دا "چالاکیی تێکدەرانە و چالاکی دیکە دژی یەکێتیی نیشتمانی" بکرێت، ئەوەش لە کاتی گردبوونەوەکەدا ئاسایش و ئارامیی خەڵک تێکدەدات.