مەسرور بارزانی: یەکێک لە شێوازەکانی دژایەتیکردنی هەرێمی کوردستان مادە هۆشبەرەکانە

15-10-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
مەسرور بارزانی لە کۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان
مەسرور بارزانی لە کۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان
نیشانەکردن مەسرور بارزانی مادەی هۆشبەر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند ''بازرگانیکردن و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان لە بەرزبوونەوەدایە، ئەمەش زەنگی مەترسییە بۆ سەر کۆمەڵگەکەمان.''
 
کۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عقڵییەکان ئەمڕۆ (یەکشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمی 2023) لە هەولێر بەڕێوەدەچێت، لە گوتارێکدا لە کۆنفرانسەکە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێکی دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی رێگە لە تەشەنەسەندنی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر بگرێت.''
 
"یەکێک لە شێوازەکانی دژایەتیکردن و هەوڵی لاوازکردنی هەرێمی کوردستان، مادە هۆشبەرەکانە"
 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد هەرێمی کوردستان بە شێوازی جۆراوجۆر دژایەتی دەکرێت و هەوڵی لاوازکردنی دەدرێت، ''یەکێک لە شێوازە مەترسیدارەکان، ماددەی هۆشبەرەکانن و یەکێکە لەو چەکانەی کە بە شاراوە و ئاشکرا بۆ مەبەستی تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگەکەمان و لەباربردنی توانا و تەندروستی گەنجەکانمان بەکاردەهێنرێت.''
 
بۆیە مەسرور بارزانی دەڵێ "دەبێ بە تووندترین شێوە بەرەنگاری ئەم هەڕەشەیە ببينەوە، چونکە هەڕەشە و مەترسییەکانی ماددەی هۆشبەر، هیچی لە تیرۆر کەمتر نییە."
 
"هەڵکەوتەی جوگرافیی هەرێمی کوردستان، هۆکارێکی هەڵکشانی ژمارەی ئاڵوودەبووانە"
 
لە کۆنفرانسەکەدا کە لەلایەن نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانەوە رێکخراوە، مەسرور بارزانی گوتی "مافیاکان و بازرگانە تاوانبارەکان، هەرێمیان کردووەتە بەشێک لە پیلانە نەگریسەکانیان و هەوڵدەدەن و کاردەکەن بۆ ئەوەی سوود لە هەڵکەوتەی جوگرافیی هەرێمی کوردستان وەربگرن وەک دەروازەیەک بۆ تێپەڕاندنی ماددە هۆشبەرەکان بۆ شوێنەکانی تر، بۆ ئەم مەبەستەش رێگە و شێوازی جۆراوجۆر دەگرنەبە بۆ بارزگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی لە هەرێمەکەمان ژمارەی ئالوودەبووان لە هەڵکشاندا بێت.''
 
"پێویستمان بە هەڵمەتێکی چڕی رووبەڕووبوونەوەی مادەی هۆشبەرە"
 
بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان وەک مەسرور بارزانی دەڵێ "تەنیا ئەركی حکومەت نییە، بەڵکو ئەرکێکی هاوبەشی هەموو لایەکمانە." بۆیە داوای لە دایک و باوکان، ناوەندە پەروەدەیی، ئەکادیمی و رۆشنبیرییەکان، مامۆستایانی ئایینی، دەزگاکانی راگەیاندن، کەسایەتییە کاریگەرەکانی نێو سۆشیال میدیا و هەموو هاونیشتمانیان و خەمخۆرانی وڵات کرد "هاوکار و یارمەتیدەری حکومەت بن و، هەر یەکێک لە پێگەی خۆیەوە، کار بۆ هۆشیاركردنەوەی کۆمەڵگە و بەتایبەتی گەنجەکانمان بکات و، لە مەترسییە کوشندەکانی ئەم پەتایە ئاگاداریان بکاتەوە." 
 
گوتیشی "پێویستە هەڵمەتێکی چڕ و بەرفراوان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان دەستپێبکەین، ئەمەش پێوستی بە هەنگاوی خێرا و دڵسۆزانە و هەماهەنگی و کاری هاوبەش و پێکەوەیی هەموومان هەیە."
 
 
دەقی گوتاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی رووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان: 
 
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
ئامادەبووانی بەڕێز: 
ڕۆژتان باش .
 
 
خۆشحاڵم ئەمڕۆ لە کۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان ئامادەم. دەستخۆشی لە رێکخەرانی ئەم کۆنفرانسە گرنگە دەکەم، کە تایبەتە بە یەکێک لە مەترسیدارترین دیاردەکانی ئەم سەردەمە.
 
بەپێی ئامارەکانی بەردەست، بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان لە بەرزبوونەوەدایە و ئەمەش زەنگی مەترسییە بۆ کۆمەڵگەکەمان.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان، زۆر بە رژدی و بەرفراوانی کار لە سەر قەڵاچۆکردن و بەرەنگاربوونەوەی ئەم هەڕەشە مەترسیدارە دەکات و هەموو هەوڵێکی دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی ڕێگە لە تەشەنەکردنی و بڵاوبوونەوەی زیاتری بگرێت. 
 
لەم چوارچێوەیەدا لە ساڵی 2020 یاسای ژمارەی یەکی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەر و كارتێكارە عەقڵییەكان لە هەرێمی کوردستان پەسندکرا، کە دەبێت هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم هەماهەنگ و هاوکاربن بۆ جێبەجێکردنی ئەم یاسایە.
 
بەڕێزان...
 
کێشەی مادە هۆشبەرەکان و بەرەنگاربوونەوەیان پرسێکی جیهانییە و زۆر لە کۆمەڵگەکان پێیەوە گیرۆدە بوون، بەداخەوە عێراق و هەرێمی کوردستانیش لە هەڕەشە و مەترسییەکانی بەدەرنین. 
 
بێگومان مادەی هۆشبەر، هەر تەنیا زەرەر و زیانی تەندروستی بە کەسی بەکارهێنەر ناگەیەنێت، بەڵکو زیانی کۆمەڵایەتی، ئابووری، ئەمنی و دارایی لە گشت کایەکانی کۆمەڵگە دەدات و هۆکارێکی سەرەکییە بۆ لاوازكردنی سەرمایەی مرۆیی.
 
هەرێمی کوردستان بە شێوازی جۆراوجۆر دژایەتی دەکرێت و هەوڵی لاوازکردنی دەدرێت، کە یەکێک لە شێوازە مەترسیدارەکان، ماددەی هۆشبەرەکانن و یەکێکە لەو چەکانەی کە بە شاراوە و ئاشکرا بۆ مەبەستی تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگەکەمان و لە باربردنی توانا و تەندروستی گەنجەکانمان بەکاردەهێنرێت، بۆیە دەبێ بە تووندترین شێوە بەرەنگاری ئەم هەڕەشەیە ببينەوە، چونکە هەڕەشە و مەترسییەکانی ماددەی هۆشبەر، هیچی لە تیرۆر کەمتر نییە. 
 
مافیاکان و بازرگانە تاوانبارەکان، هەرێمیان کردووەتە بەشێک لە پیلانە نەگریسەکانیان و هەوڵدەدەن و کار دەکەن بۆ ئەوەی سوود لە هەڵکەوتەی جوگرافیی هەرێمی کوردستان وەربگرن وەک دەروازەیەک بۆ تێپەڕاندنی ماددە هۆشبەرەکان بۆ شوێنەکانی تر، بۆ ئەم مەبەستەش رێگە و شێوازی جۆراوجۆر دەگرنەبە بۆ بارزگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی لە هەرێمەکەمان ژمارەی ئالوودەبووان لە هەڵکشاندا بێت، بۆیە پێویستە دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم، بە هەموو هێز و هەوڵ و تواناکانیان، بەردەوامبن لە ئەرکی پیرۆزی خۆیان و بە تووندترین شێوە رووبەڕووی ئەو بازرگانە تاوانبارانە ببنەوە و نەهێڵن نیاز و پلانە مەترسیدارەکانیان سەربگرێت.
 
پێویستە لێرەدا ئاماژە بەوە بدەین کە بە هۆی هەبوونی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە جێناکۆکەکان و ناوچەکانی ماددەی 140 (ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم)، هەروەها لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی دەروبەر، هەندێک لە گرووپە چەکدارەکان لەو ناوچانە هۆکاری ناسەقامگیرین و رێگريش دەکەن لەوەی هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێم رووبەڕووی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان ببنەوە. بگرە بەداخەوە هەندێک لەو گرووپە چەکدارانە خۆیان بەشێکن لە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان. 
 
هەرچەندە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ دەستگیرکردنی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان کە لێرەدا بە گەرمی دەستخۆشیان لێ دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم و هەموو پشتیوانییەکی خۆم و حکومەتی هەرێمی کوردستانیان بۆ دووپات دەکەمەوە لەم ئەرکە پیرۆزەدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهاوکاری هەموو چین و توێژ و پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی کوردستان و بە هاوکاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کاربکات لە پێناوی ئەوەی سەرچاوەکانی ئەم پەتایە وشک بکات، چونکە ئەمە پێویستی بە هاوکاری و هەماهەنگیی هەموو لایەنەکان هەیە.
 
ئێمە، لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانمان پێکهێناوە کە ژمارەیەک وەزارەت و دامودەزگای پەیوەندیداری تێدایە، لە هەمان کاتدا، سندووقێکیش بۆ پەرەپێدان و شیاندن و چارەسەری تووشبووان و ئاڵوودەبووانی ماددەی هۆشبەر دروستکراوە.
لە لایەکی دیکەوە، لە پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ، بەشێک تایبەت کراوە بەو راسپاردە نێودەوڵەتییانەی پەیوەستن بە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و كارتێكەرە عەقڵییەكان. بەستنی ئەم کۆنفرانسەش، بەشێکە لە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی راسپاردەکانی ئەم پلانە، بە ئامانجی گرتنەبەری نەخشەڕێگەیەک و خێراکردنی بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئاڵنگاری و تەحەدیاتانەی رووبەڕووی هەرێم دەبنەوە لە رێگەی دانانی میکانیزمی گونجاو بۆ جێبەجێکردنی یاسا بەرکارەکان.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان، کاری کردووە بۆ شیاندنەوە و گەڕاندنەوەی ئەو کەسانەی تووشی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەر بوون بۆ نێو کۆمەڵگە، بۆ ئەم مەبەستە هەوڵەکان بەردەوامن بۆ دروستکردنی سەنتەری شیاندنەوەی ئاڵوودەبووان و تووشبووان و دووبارە گەڕاندنەوەیان بۆ نێو کۆمەڵگە، داوا لە کەرتی تایبەتیش دەکەین هاوکار و یارمەتیدەری حکومەت بن لە هەوڵەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و هاوکاریکردنی ئاڵوودەبووان بۆ چارەسەر و دووبارە شیاندنەوەیان.
 
بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان، تەنیا ئەركی حکومەت نییە، بەڵکو ئەرکێکی هاوبەشی هەموو لایەکمانە. لەم رووەوە داوا لە دایک و باوکان، ناوەندە پەروەدەیی و ئەکادیمی و رۆشنبیرییەکانمان، مامۆستایانی بەڕێزی ئایینی، دەزگاکانی راگەیاندن، کەسایەتییە کاریگەرەکانی ناو سۆشیال میدیا و هەموو هاونیشتمانیان و خەمخۆرانی ئەم وڵاتە دەکەم، هاوکار و یارمەتیدەری حکومەت بن و هەر یەکێک لە پێگەی خۆیەوە، کار بۆ هۆشیاركردنەوەی کۆمەڵگە و بەتایبەتی گەنجەکانمان بکات و لە مەترسییە کوشندەکانی ئەم پەتایە ئاگاداریان بکاتەوە. پێویستە هەڵمەتێکی چڕو بەرفراوان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان دەستپێبکەین، ئەمەش پێوستی بە هەنگاوی خێرا و دڵسۆزانە و هەماهەنگی و کاری هاوبەش و پێکەوەیی هەموومان هەیە.
 
لێرەدا دەمەوێ دووبارە جەخت لەوە بکەمەوە پێویستە ئێمە جیاوازی بکەین لە نێوان مافیا و بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان و  ئەو کەسانەی دەبنە قوربانی و ئالوودەی ماددە هۆشبەرەکان دەکرێن، ئەوانەی بە هەر هۆیەک، تووشی ئەم بەڵایە دەبن، پێویستە هاوکار و یارمەتیدەریان بین بۆ چارەسەرکردنیان و دوورخستنەوەیان لەم رێگە مەترسیدارە، ئەمەش لە رێگەی کردنەوەی سەنتەری شیاندنەوە و چارەسەری ئاڵوودەبووان و تووشبووان، بەڵام لە هەمان کاتدا دووپاتی دەکەمەوە، نابێت بە هیچ شێوەیەک، هیچ کەمتەرخەمییەک لە بە سزا گەیاندنی تاوانباران و بازرگانانی ماددەی هۆشبەر بکرێت و دەبێت بە تووندترین شێوە رووبەڕوویان ببینەوە.
 
جێی ئاماژەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیشدا پێویستی بە هاریکاری و پشتیوانی هەیە، بە تایبەتی راوێژ و هاوکاری لۆجستیی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوەکان کە پێشنیار دەکەم ستراتیژێکی گشتگیری هاوبەش هەبێت بۆ هاریکاریکردن و هەماهەنگیکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێم، لەم رووەوە. لە ماوەی رابردووشدا رێوشوێنەکانی هەماهەنگی حکومەتمان لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان چڕتر کردووە بەتایبەتی لەگەڵ نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی تاوانی رێکخراو و ماددە هۆشبەرەکان و بازرگانیکردن بە مرۆڤ (UNODC). 
 
هەروەها پێویستە لە بواری یاساییشەوە، هاوکاری حکومەت بکرێت بۆ پەرەپێدانی توانای دادوەر و لێکۆڵەرانی هەرێمی کوردستان لە بابەتی مامەڵەکردن لەگەڵ بازرگانان و ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان، هەروەها سوود وەرگرتن لە ئەزموونی رێکخراوەکان و وڵاتان بەتایبەتی ئەوانەی شارەزاییان لەو بوارەدا هەیە، بۆ ئەوەی بە هەوڵی هەموو لایەکمان، بتوانین مەترسی و کاریگەرییەکانی لەسەر کۆمەڵگاکەمان کەم بکەینەوە.
 
هیوادارین ئەم کۆنفرانسە، هاندەرێک بێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی زیاتری ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقلییەکان لەسەر هەموو ئاستەکان، هەروەها هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ پتەوتر بکات بۆ ئەوەی رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان خێراتر بکرێن لە پێناو پاراستنی کۆمەڵگەکەمان لەم دیاردە ترسناکە.
 
ئیتر هەر شاد و سەرکەوتووبن و کوردستان هەر ئاوەدان و پارێزراو بێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە