گوتەبێژی وەزارەتی دارایی لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج: دەبێت هەموو فەرمانبەران 'هەژماری من' بکەنەوە

15-10-2023
هیدایەت جان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 


گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئومێد دەکەن هەفتەی داهاتوو 700 ملیار دینارەکەی بەغدا بچێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و دوای ئەوە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب دەکرێت. دەشڵێت، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان "بۆ بەرگریکردن لە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان" دەچێتە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق. 
 
رۆژی یەکشەممە، 15ـی ئۆکتۆبەری 2023 بەرنامەی لەگەڵ رەنج بە میوانداریی هونەر جەمال، گوتەبێژی ‏وەزارەتی دارایی هەرێمی ‏كوردستان؛ دیاكۆ حەمەتاهی، بەڕێوەبەری بەشی هەژمارە ‏بازرگانییەكان لە بانكی ‏یەكەمی ‏عێراق ‏FIB‏؛ د. هەڵمەت ئەحمەد، شارەزای بواری بانکی و بازرگانی ‏نێودەوڵەتی و حوسێن ئەحمەد، مامۆستای زانكۆ ‌و شارەزای بواری ‏بانكی و  گرنگیی هەبوونی بانکی دیجیتاڵی و چۆنییەتی پێشخستنی لە هەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کرد.
 
پرۆژەی "هەژماری من"
 
ئۆکتۆبەری ساڵی 2022 نووسینگەی سەرۆکوەزیران بە هائاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان کارکردنی لەسەر پرۆژەی "هەژماری من" دەستپێکرد، مانگی شوباتی ئەم ساڵ پرۆژەکە چووە قۆناخی جێبەجێکردنەوە کە سەرەتا وەکو تاقیکردنەوە لە نەخۆشخانەی منداڵبوون و ئافرەتانی هەولێر کە ژمارەیان 841 فەرمانبەر بوون، دەستیپێکرد.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت لە رێگەی ئەم هەژمارەوە، مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانی بە سیستمی بانکی خەرج بکات، هونەر جەمال، گوتەبێژی ‏وەزارەتی دارایی هەرێمی ‏كوردستان دەڵێت، "دوای سێ مانگ تاقیکردنەوەی سیستمەکە لە نەخۆشخانەی منداڵبوون و ئافرەتانی هەولێر، گفتوگۆمان لەگەڵ کارمەندەکان کرد بۆ ئەوەی رای خۆیان لەسەر لایەنەکانی پرۆسەکە دەرببڕن، دەرکەوت تا رادەیەکی زۆر سەرکەوتوو بووە و بەشێک لە فەرمانبەران یەک لەسەر سێی مووچەکانیان پاشەکەوت کردبوو، لەبەر ئەوەی لەنێو هەژماری بانکییان بووە و بە کاش لەبەر دەستیان نەبووە".

 

 
نۆ بانک بۆ بەشداریکردن لە پڕۆژەی هەژماری من ناویان تۆمار کردبوو کە لەناویاندا سێ بانک وەرگیراون، وەکو هونەر جەمال ئاماژەی پێدەدات؛ "مەرجەکان بۆ بەشداریکردن، دەبێت بانکەکان دیجیتاڵی و پێشکەوتوو بن و توانای مرۆیی و مادییان هەبێت و لەلایەن بانکی ناوەندی عێراق دانیان پێدا نرابێت."
 
رۆژی 3ـی ئەیلوول قۆناخی نوێ بۆ تۆمارکردنی ناوی فەرمانبەران دەستی پێکرد و گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانیش رایدەگەیەنێت؛ "تاوەکو ئێستا 77 هەزار فەرمانبەر هەژماری بانکییان بۆ کراوەتەوە و رۆژانە نزیکەی سێ هەزار فەرمانبەر هەژماری نوێیان بۆ دەکرێتەوە." ئەو پرۆژەیە وەکو سەرەتا، لە فەرمانبەرانی پارێزگای هەولێرەوە دەستی پێکردووە و بە گوتەی هونەر جەمال؛ "ئێستا دەمانەوێ لە پارێزگای دهۆک و سلێمانی داتای فەرمانبەران کۆ بکەینەوە و دواتر ناویان تۆمار دەکرێت و هەژماریان بۆ دەکرێتەوە".
 
گوتەبێژی ‏وەزارەتی دارایی هەرێمی ‏كوردستان پێشبینی دەکات لە ماوەی دوو ساڵدا سەرجەم فەرمانبەران بچنە ژێر چەتری پرۆژەی هەژماری من و دەشڵێت؛ "هەموو فەرمانبەرێکی هەرێمی کوردستان دەبێ 'هەژماری من'ی بۆ بکرێتەوە، لەبەر ئەوەی لە داهاتوودا ئەو فەرمانبەرەی هەژماری نەبێت، رەنگە کێشەی لە وەرگرتنی مووچە بۆ دروستبێت".
 
حکومەت "ناتوانێ دەستکاریی هەژماری فەرمانبەران بکات"
 
دەنگۆی ئەوە لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوبووەتەوە کە حکومەت لە رێگەی ئەو هەژمارە بانکییەوە قەرزەکانی لە فەرمانبەران وەردەگرێتەوە، بەڵام گوتەبێژی ‏وەزارەتی دارایی ئەو دەنگۆیەی بە "بێ بنەما" وەسف کرد و گوتی: "پرۆژەکە ئەوەندە پەیوەندی بە حکومەتەوە هەیە تاوەکو هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەران دەکرێتەوە، کە مووچەکە چووە سەر هەژمارەکەی، تەنیا خۆی دەتوانێت بەکاری بهێنێت و حکومەت بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت دەستوەردان لە هەژمارەکەیدا بکات، وەکو هەموو ئەو هەژمارانەی ئێستا هاووڵاتییان لە بانکە ئەهلییەکاندا هەیانە".
 
هونەر جەمال باسی لەوەش کرد، کە دوای تەواوبوونی پڕۆژەی هەژماری من، کاتێک سەرجەم فەرمانبەران هەژماری بانکییان بۆ کرایەوە، "پلانمان هەیە هەزار ئامێری ئەی تی ئێم بۆ راکێشانی پارە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان دابنێین و ئەو ژمارەیەش بۆ سەرەتا کەم نییە و گرنگیشە فەرمانبەرێکی کەلار بتوانێت لە زاخۆ یان لە هەر شارێکی دیکە هەرێمی کوردستان و تەنانەت لە دەرەوەی وڵاتیش مووچەکەی وەربگرێت و بەکاری بهێنێت".
 
700 ملیار دینارەکەی بەغدا و مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەران
 
بڕیاربوو لەسەر بانگهێشتی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رۆژی پێنجشەممە، 5ـی تشرینی یەکەمی 2023 بەشداری کۆبوونەوەیەکی ئەو لیژنەیە ببێت کە وەزیری دارایی عێراق، وەزیری نەوتی عێراق و بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ بۆ بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقیش تێیدا بەشداربوون، بەڵام وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان بە فەرمی لیژنەکەی ئاگادار کردبووەوە کە دوو هەفتەی دیکە دەتوانێت سەردانی لیژنەکە بکات.
 
هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "بەهۆی ئەوەی کۆبوونەوەکەی لیژنەی دارایی هاوکات بوو لەگەڵ سەردانی وەفدێکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق بۆ بەراوردی ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، داوامان لە لیژنەی پەرلەمان کرد سەردانەکە دوو هەفتە دوا بخرێت".
 
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی زیاتر روونیدەکاتەوە: "بانگهێشتێکی نوێمان لە پەرلەمانی عێراق بۆ هاتووەتەوە و بڕیارە رۆژی چوارشەممە وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئامادەبێت بۆ بەرگریکردن لە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و لیستی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە شەفافیەتەوە دەباتە ئەو لیژنەیە".
 
 
هونەر جەمال لەبارەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئومێد دەکەم هەفتەی داهاتوو 700 ملیار دینارەکەی بەغدا بچێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و دوای ئەوە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب بکەین، مانگی پێشوو لەبەر ئەوەی لە سێ بانکەوە پارەی مووچە هاتە سەر هەژمارەکەمان، رێکارەکانی دابەشکردنی مووچە هەفتەیەکی خایان، بەڵام ئەم مانگە رێکارەکان کاتێکی کەمتری پێدەچێت".
 
فەرمانبەران "بە خولەکێک" دەتوانن مووچەکەیان بگوازنەوە سەر هەژمارێکی دیکە
 
‏دیاكۆ حەمەتاهی، بەڕێوەبەری بەشی هەژمارە ‏بازرگانییەكان لە بانكی ‏یەكەمی ‏عێراق ‏FIB‏ دەڵێت؛ "هەر فەرمانبەرێک مووچەکەی خرایە سەر هەژمارەکەی زۆر بە ئاسانی دەتوانێ پارەکەی بخاتە سەر هەژمارێکی دیکەی لە هەر بانکێکی دیکەی هەرێمی کوردستان و تەنانەت بانکە جیهانییەکانیش، بەگشتی پرۆسەی گواستنەوەکە کەمتر لە خولەکێکی پێ دەچێت".
 
دیاكۆ حەمەتاهی پێیوایە؛ ئەگەر فەرمانبەر بڕیاربێت ئەو پارەیەی دەخرێتە سەر هەژمارە بانکییەکەی هەمووی بە کاش رابکێشێتەوە و کڕین و فرۆشتن لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا بە کاش بێت، تەنیا جیاوازی ئەوەیە کە جاران لە کارگێڕی و دارایی بەڕێوەبەرایەتییەکەی مووچەی لێ وەردەگرت گۆڕاوە بۆ ئامێرێکی راکێشانی پارە، دەبێ ئەو ژێرخانە لە هەرێمی کوردستان و عێراقیش دروستبکرێت کە خەڵک لە رێگەی کارتی بانکییەوە مامەڵەکانی رۆژانەیان رایی بکەن.
 
 
بانكی یەكەمی ‏عێراق‏FIB‏ زیاتر لە 100 هەزار پی ئۆ ئێس [ئامێری خوێندنەوەی کارتی بانکی]یان بۆ کوردستان هێناوە و بەڕێوەبەری بەشی هەژمارە ‏بازرگانییەكانی بانکەکەش دەڵێت: "لە داهاتوودا دابەشی دەکەین بەسەر بازاڕ و شوێنە بازرگانییەکان بۆ ئەوەی کڕیارەکانیان بتوانن لە رێگەی کارتی بانکییەوە پارەیان پێ بدەن" و دەشڵێت؛ بانکی FIB بەتەنیا ناتوانێت هەموو بزنسی کوردستان بخاتە ژێر هێژموونی خۆی، ئەوەی ئێستا زۆر گرنگە بوونی سیستمی پارەدان بە یەک شێوە لە هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان و هەموو بانکەکان بتوانن تێیدا بەشداربن.
 
بۆ گواستنەوەی پارەی فەرمانبەران لە هەژمارەکەیانەوە بۆ بانکی FIB بۆ ئەوەی بە شێوازە کۆنەکە نەکرێت، دیاكۆ حەمەتاهی گوتی؛ "سێرڤزێکمان دروستکرد بۆ ئەوەی بە کارتی بانکەکانی دیکەی عێراق و دەرەوەی عێراقیش پارەکان بگوازیتەوە بۆسەر بانکەکەمان".
 
لە کۆی 100 ترلیۆن دینار پارەی کاشی عێراق "80 ترلیۆنی لە ماڵەکاندایە"
 
د. هەڵمەت ئەحمەد، شارەزای بواری بانکی و بازرگانی ‏نێودەوڵەتی دەڵێت؛ لە عێراق 100 ترلیۆن دینار چاپکراوە، بەڵام لە هەموو سیستمی دارایی ئەو وڵاتەدا تەنیا 20 ترلیۆن هەیە و 80 ترلیۆن دینارەکەی دیکە لەناو ماڵەکاندایە: و هۆکارەکەشی بۆ "ةەبوونی متمانەیە بە بانکەکان" دەگەڕێنێتەوە و دەشڵێت؛ "ئەگەر سیستمی دیجیتاڵ بانک هەبێت، بۆ نمونە پڕۆژەی هەژماری من دەستپێبکات، وردە وردە خەڵک متمانەیان لا دروست دەبێت و هەموو مووچەکانیان بە کاش و یەکجێ لە هەژمارەکەیان راناکێشن و لە ماڵەوەی دابنێن".
 
د. هەڵمەت ئەحمەد پێیوایە؛ "هەبوونی بانک بە تەنیا مەرج نییە بۆ سووڕی سەرمایە لە وڵاتدا، دوو مانگ لەمەوبەر 14 بانکی مۆدێرن لە عێراق رایانگەیاند کە بە سیستمی سویفتەوە بەستراونەتەوە، بەڵام ئەی بۆچی ئێستا ناتوانن کار بکەن، لەبەر ئەوەی هێشتا ئەو متمانەیە لای خەڵک دروست نەبووە پارەکانیان ببەن بۆ بانکەکان".
 
ئەو شارەزایەی بواری بانکە دووپاتیدەکاتەوە، "پرۆژەی هەژماری من زۆر پێویست و گرنگە، بەڵام وەکو ئەوە وایە نیوەی باڵەخانەیەکت کردبێت، بۆ نیوەکەی دیکە دەبێت بانکەکانی عێراق و بەتایبەت بانکەکانی هەرێمی کوردستان، لە دەرەوەی عێراقیش متمانەیان هەبێت، ئێستا بەهۆی ئەو رێکارانەی بۆ نەهێشتنی سپیکردنەوەی پارە لە عێراق پەیڕەو دەکرێت، بازرگانانی ئێمە نازانن چۆن پارەکانیان حەواڵە بکەن، دەبێ ئەو گرفتانە لەلایەن بانکەکانەوە چارەسەر بکرێن بۆ گەڕانەوەی متمانە".
 
خەڵک "متمانەیان بە بانکەکان کەمبووەتەوە"
 
حوسێن ئەحمەد، مامۆستای زانكۆ ‌و شارەزای بواری ‏بانكی پێیوایە، ئەگەر حکومەت مەرج بۆ ئەو بانکانە دانەنێت مۆبایل بانک بۆ فەرمانبەران چالاک بکەن، کێشەکانی جاران بەرۆکی دەگرێتەوە و پێی وایە، لە ساڵی 2003وە خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان متمانەیان بە بانکەکان نەماوە.
 
حوسێن ئەحمەد گوتی: "ئەو سێ بانکەی لە پرۆژەی هەژماری من بەشدارن هەموویان بانکی ئۆنلاینن، ئەگەر حکومەت بۆیان بکاتە مەرج کە مۆبایل بانک بۆ هەژماری فەرمانبەران چالاک بکەن، هەنگاوێکی زۆر باش دەچینە پێشەوە، بەڵام ئەگەر ئەو خزمەتگوزارییەیان بۆ چالاک نەکرێت، پرۆسەی راکێشانی پارەی کاش، وەکو جاران دووبارە دەبێتەوە".
 
ئەو مامۆستایەی زانکۆ دەڵێت: "لەدوای ساڵی 2003 لە عێراق خەڵک متمانەیان بە بانکەکان زۆر کەمبووەتەوە و دەڵێن پارەکەمان لە قاسەی ماڵەوە یان لەنێو گیرفانمان بێت سەلامەتترە، بۆیە دەبێ حکومەتی عێراق ئەو متمانەیە بۆ بانکەکان دروست بکاتەوە و بە یاسایەک گەرەنتی بداتە هەموو هەژمارێکی بانکی و بڵێ، پارەکانتان هەر شتێکی لێبێت، حکومەت لێی بەرپرسە".
 
حوسێن ئەحمەد بە پێویستی دەزانێت، لە هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی ئەپڵ پەی خزمەتگوزاریی کورد پەی دروستبکرێت و هەموو بانکەکانی پێ ببەسترێتەوە، "ئەو خزمەتگوزارییە بەتەواوەتی لە کۆمەڵگەیەکی کاش دوورمان دەخاتەوە."
 
پێدانی مووچە "بەبێ پارەی کاش"
 
حوسێن ئەحمەد پێشنیازێک دەخاتە بەردەم وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەگەری کورتهێنانی پارە بۆ مووچەی فەرمانبەران و پێیوایە بە دوو کارتی بانکی بۆ فەرمانبەران بۆ دوو مەبەستی جیاواز، ئەو کێشەیە چارەسەر دەکرێت.
 
بە گوتەی حوسێن ئەحمەد؛ "ئەگەر بە سیستمی کاش پارە بدرێتە فەرمانبەران، رەنگە هیچ وڵاتێک نەتوانێت مووچەی تەواوەتی فەرمانبەرانی بدات، ئێستاش حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران لەم قۆناخەدا دەتوانێت بەبێ ئەوەی پارەی کاشی تەواوەتیی هەبێت، مووچەی هەموو فەرمانبەران لە کاتی خۆیدا بدات".
 
ئەو مامۆستای زانکۆیە روونیدەکاتەوە؛ "حکومەت ئەگەر 30٪ کورتهێنانی مووچەی هەبوو دەتوانێت بە کارتێک 70٪ـی مووچەی فەرمانبەران بخاتە سەر هەژمارەکەیان کە بتوانن پارەی لێ رابکێشن و 30٪ـەکەی دیکەش بە کارتێکی دیکە بێت و بۆ نمونە بتواننن لە بەنزینخانەکانی حکومەت بەکاریبهێنن یان پارەی ئاو و کارەبا و زەریبە بەو 30٪ـە بدەن".
 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."