رووداو دیجیتاڵ
رێگرییەکانی سوپای عێراق لە بازگەی مەخموور لە هاوردەکردنی بنەتۆوی گەنم و پەینی کیمیایی، جووتیارانی ناوچەکەی ناچار بە گردبوونەوە کرد و بۆ ماوەیەک رێگەی سەرەکی مەخموور - هەولێریان داخست.
هاوکار محەممەد، یەکێکە لەو جووتیارانەی لە گردبوونەوەکە بەشدارە و دەڵێت، ئێمەش لە ناچاری رێگەمان داخستووە لە بازگەکە رێگە نادەن ئێمە بنەتۆی گەنم و پەینی کیمیایی بهێنین بۆ مەخمور." جووتیارێکی دیکە دەڵێت، "ئەوەی ئەوان دەیکەن تەعریب کردنی مەخموورە هیچی دیکە نیە."
دەشتی محەممەد، جوتیارێکی دیکەیە بە توڕەییەوە باسی دۆخی خۆیانی کرد و گوتی، "قەراج بە گەنم بە ناوبانگە ئەگەر قەراج نەبێت یانی هیچ، گەر جووتیاری نەبێت هەموو دەبێت ئێرە جێبهێڵین."
وەرزی چاندی گەنم لە مەخموور و دەشتی قەراج دەستی پێکردووە، بەڵام بەهۆی رێگرییەکانی سوپاوە تاوەکو ئێستا بەشێک لە جووتیاران نەیانتوانیوە زەوییەکانیان بکێڵن، لەگەڵ ئەوەی بەشێک لە جووتیاران نووسراوی رێگەپێدانی هاوردەکردنی بنەتۆو و پەینی کیمییان لە کارگێری مەخموریش وەرگرتووە، بەڵام وەکو جووتیارێک باسی دەکات، بازگەی سوپا بە بڕیارەکەوە پابەندنابن.
جووتیاران دەڵێن، لە بازگەکەی سوپای عێراقی لە مەخموور بە نایاسایی بۆ هەر تۆنێک بنەتۆی گەنم و پەینی کیمیایی 50 بۆ 60 هەزار دینار لە جووتیاران وەردەگیرێت و بەبێ نەدانی بەرتیل رێگە بە هاوردەکردنیان نادرێت.
لە 28ـی مانگی 8ـی ئەم ساڵەوە بەپێی خشتەی دیاریکراو لە رۆژنامەی کشتوکاڵی عێراق هاوردەکردنی بنەتۆی گەنم و پەینی کیمیایی قەدەخەکراوە، چارەنووسی نزیکەی سێ هەزار جووتیاری مەخموور بەندە بە بڕیارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق.
لەوبارەیەوە، رزگار محەممەد، قایمقامی مەخمور، بە رووداوی گوت، "ئێمە نووسراومان کردووە پەرلەمانتارەکانی خۆشمان ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێکمان نەدراوتەوە."
بەپێی رووپێوییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی مەخمور، لە قەزای مەخموور نزیکەی 500 هەزار دۆنم زەویی کشتوکاڵی هەیە لەو ژمارە نزیکەی 300 هەزار دۆنمی ساڵانە دەکرێت بە گەنم، جووتیاران دەڵێن ئەگەر رێگرییەکان بەردەوام بێت ئەم ساڵ کەمترین رووبەری زەوی لە مەخمور دەکرێت بە گەنم.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ