نەوت و کانزاکانی سلێمانی: تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ بەرمیلێک نەوت دەدەینە سەرجەم خێزانەکان
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی رایگەیاند، پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی ماڵان لە قەزای پێنجوێن تەواو بووە، ئەمڕۆش لە قەزای سەیدسادق کۆتایی دێت، دەشڵێت، بەگوێرەی ئەو پلانەی دایانناوە ئەگەر حکومەت نەوتیان بۆ دابین بکات، تاوەکو 31-12-2023 هەموو خێزانێک لە سلێمانی بەرمیلێک نەوتی پێدەدرێت.
سەلام عومەر، ئەندامی لیژنەی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو کە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات رایگەیاند، نزیکەی هەفتەیەکە دەستیان بە دابەشکردنی نەوت کردووە و لە قۆناخی یەکەمدا لەناوچە شاخاوییەکان لە قەزای پێنجوێن دەستیان پێکردووە.
سەلام عومەر گوتی، پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی ماڵان لە پێنجوێن کۆتایی هاتووە بڕی دوو ملیۆن و 383 هەزار لیتر نەوتیان بەسەر 11 هەزار و 915 خێزاندا دابەشکردووە، کە هەر خێزانێک بڕی 200 لیتری بە نرخی 100 هەزار دینار پێدەدرێت.
ئەندامەکەی لیژنەی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان ئاماژەی بەوەشکرد، دابەشکردنی نەوت لە قەزای سەیدسادق دەستی پێکردووە و نزیکەی پێنج هەزار خێزان نەوتیان بەسەردا دابەشکراوە و پرۆسەکە بەردەوامە لەهەوڵدان بۆ ئەوەی ئەمڕۆ دابەشکردنی نەوت لە سەیدسادق تەواو بێت.
لەبارەی کوالێتی ئەو نەوتەی دابەشی دەکەن، سەلام عومەر دەڵێت، کوالێتییەکەی باشە و دوای پشکنین دابەشی دەکەن.
ساڵانە نەوت دابەشدەکرێت، بەڵام دابەشکردنەکە ناگاتە سەنتەری شارەکان، سەلام عومەر لەو بارەیەوە گوتی: "بەگوێرەی ئەو پلانەی هەمانە، ئەگەر نەوتمان بۆ دابین بکرێت ئەوا تاوەکو 31-12-2023 سەرجەم خێزانەکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین نەوتیان بەسەردا دابەشدەکرێت."
لەسنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین زیاتر لە 550 هەزار خێزان هەن، بۆ دابەشکردنی نەوت بەسەر ئەو خێزانانە، ئەندامەکەی نەوت و کانزاکانی سلێمانی دەڵێت، پێویستیان بە 110 ملیۆن لیتر نەوتە.