دەستەی وەبەرهێنان: ئەم ساڵ 56 پرۆژە بە سەرمایەی 1.5 ملیار دۆلار مۆڵەتیان پێدراوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەم ساڵ 56 پرۆژە بە سەرمایەی نزیکەی یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلار مۆڵەتیان پێدراوە، دەشڵێت، لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا سەرمایەی وەبەرهێنانی بیانی لە هەرێمی کوردستان نزیکەی پێنج ملیار دۆلار بووە.
بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژار کە رۆژانە کاژێر 11:00 لە رادیۆی رووداو، محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات رایگەیاند، سەرەڕای ناجێگری دۆخی ئابووری و سیاسی، بەڵام پرۆسەی وەبەرهێنان لە ئاستێکی باشدایە و زۆرینەی پرۆژەکان بەردەوامن لە کارکردن.
گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان ئاشکرای کرد، ئەم ساڵ تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان 56 پرۆژەی وەبەرهێنان مۆڵەتیان وەرگرتووە، کە سەرمایەکەیان یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بووە. پرۆژەکانیش لە سێکتەرە جیاوازەکانی وەک پیشەسازی، کشتوکاڵ، نیشتەجێبوون و بازرگانی و گەشتیاری بوون.
بەگوتەی بەرگەشت ئاکرەیی، ئەو پرۆژانەی ئەم ساڵ مۆڵەتیان پێدراوە زۆرینەیان لە سنووری پارێزگای هەولێر بوون و پاشان سلێمانی و دهۆک و ئیدارەی گەرمیان بوون بەشێوەیەک لە هەولێر 27 پرۆژە، لە سلێمانی 11 پرۆژە، لە دهۆک نۆ پرۆژە، لە هەڵەبجە یەک پرۆژە، لە گەرمیان پێنج پرۆژە، لە راپەڕین یەک پرۆژە، لە سۆران یەک پرۆژە و لە زاخۆ یەک پرۆژە مۆڵەتیان پێدراوە.
گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو 56 پرۆژەیەی کە ئەم ساڵ مۆڵەتیان پێدراوە، زۆرترینیان پرۆژەی پیشەسازی بوون، کە 18 پرۆژەن، ئەوانی دیکەش نیشتەجێبوون، بازرگانی، کشتوکاڵی و تەندروستی بوون.
بەرگەشت ئاکرەیی، پێیوایە ئەو پرۆژانە دەرفەتێکی باشن بۆ دابینکردنی هەلی کار و دەڵێت، لەنێوان 75 بۆ 90٪ـی دەستی کاری ئەو پرۆژانە خۆماڵین.
بەپێی ئاماری دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان لەنێوان ساڵانی 2016 تاوەکو 2021 قەبارەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 58 ملیار و 848 ملیۆن دۆلاربووە.
بەرگەشت ئاکرێی دەڵێت، تەنیا لە کابینەی نۆیەم سێ پرۆژەی وەبەرهێنان لەلایەن وەبەرهێنەرانی بیانییەوە مۆڵەتیان پێدراوە، کە سەرمایەکەیان نزیکەی پێنج ملیار دۆلار بووە، لەگەڵ سێ پرۆژەی هاوبەشی بیانی- نێوخۆیی کە سەرمایەکەیان نزیکەی 40 ملیۆن دۆلار بووە.
هەر سەبارەت بە وەبەرهێنانی بیانی لە هەرێمی کوردستان، بەرگەشت ئاکرەیی گوتی: "ئێستا ئیمارات چەند پرۆژەیەکی لە کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان هەیە، هاوکات پرۆژەیەکی گرنگی بازاڕگەری کشتوکاڵی لەلایەن وەبەرهێنەرانی فەرەنسییەوە جێبەجێدەکرێت، کە سەرمایەکەی زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلارە و ژمارەیەکی زۆر هەلی کار دەرەخسێنێت.
لەماوەی ساڵانی رابردوودا چەند پرۆژەیەکی وەبەرهێنان کارکردن تێیاندا وەستابوون بەهۆی گرفتی دارایی و کۆمپانیای جێبەجێکارەوە.
بەرگەشت ئاکرەیی دەڵێت، "لەدوای دەستبەکار بوونی کابینەی نۆیەم، ئەو پرۆژانەی کێشەیان هەبوو، بڕیاردرا کێشەکانیان یەکلا بکرێنەوە و هەموو ئەو پرۆژانەی وەستابوون لیژنەی تایبەتمەندیان بۆ پێکهێنراوە و دەستیان پێکردووەتەوە، چونکە لە بەشێک لەو پرۆژانە مامەڵەی نایاسایی کراون کە بەشێکی زۆریان وەهمی بوون و دەبێت لیژنەی تایبەتمەند پێداچوونەوەی بۆ بکات."
لە ئایاری 2022، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی هەژار و کەم دەرامەت لە هەرێمی کوردستان دروست دەکرێت و بەشێوەی قیستی درێژ خایەن دەدرێت بە هاونیشتمانییان.
گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت، دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەسانی کەمدەرامەت هەنگاوی زۆرباشی بڕیوە، لە زۆرینەی شوینەکان رێکارەکانی تەرخانکردنی زەوی تەواو بووە (هەولێر، سلێمانی، گەرمیان و زاخۆ) زەوی تەرخانکراوە، چەند وەبەرهێنەرێک پرۆپۆزەڵیان پێشکێشکردووە و هەرکەسێکیش بیەوێت دەتوانێت داواکاری پێشکێش بکات بۆ دروستکردنی ئەو پرۆژانە.
چەند هاونیشتمانییەک پەیوەندییان بە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو کردووە و دەڵێن، لە پرۆژەی ژیان لە رێگەی کانی قرژاڵە کۆمپانیای خاوەن پرۆژەکە بۆ هەر مامەڵەیەکی کڕین و فرۆشتن بڕی یەک ملیۆن دینار لە هەر لایەنێکی کڕیار و فرۆشیار وەردەگرێت داوای چارەسەر دەکەن.
گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت،"هەر پرۆژەیەکی وەبەرهێنان لەکاتی رادەستکردن یان كڕین و فرۆشتنی یەکەکان پارەیەکی زیاتر لەوە وەربگرێت، پێویستە هاونیشتمانییەکە سکاڵا تۆمار بکات لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی وەبەرهێنان، بۆ ئەوەی بەداواداچوونی بۆ بکرێت."