وەزارەتی کشتوکاڵ: پلانی چاندنی 2.7 ملیۆن دۆنم زەوی بە گەنم هەیە

رووداو دیجیتاڵ

راوێژکارێکی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پلان وایە بۆ وەرزی ئەمساڵی چاندن 2 ملیۆن و 700 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم بچێندرێت. دەشڵێت، سەرقاڵی رێکارەکانی پێدانی بنەتۆن بە جووتیاران.
 
رۆژی یەکشەممە 15ـی ئۆکتۆبەری 2023، رزگار حەمەد خدر، راوێژکار لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، کە هاوکات سەرۆکی تیمی وەزارەتەکەیە بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمی جووتیاران، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ وەرگرتنی گەنمی بنەتۆو لە جووتیاران و ئامادەکردنەوەی بۆ پێدانەوەی بە جووتیارانی هەرێمی کوردستان."
 
هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە 120 هەزار تۆن بنەتۆوی گەنمە، بەشێک لە جووتیاران لە بەرهەمی ساڵی پێشتریان بەشی بنەتۆو هەڵدەگرنەوە، بەڵام ئەو گەنمەی تایبەتە بە بنەتۆو، باشترە و بەرهەمی زیاتر دەبێت؛ وەکو رزگار حەمەد خدر دەڵێت، چەند جووتیارێک هەن بەتایبەت گەنمی بنەتۆو بەرهەمدەهێنن و وەزارەتی کشتوکاڵ لێیان دەکڕێتەوە، دوای پاککردن و دەرمانکردنی بەشێوەی پاڵپشتی و نرخی کەمتر، دەیداتەوە بە جووتیاران.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، 3 ملیۆن دۆنم زەوی شیاو بۆ چاندن بە گەنم هەیە؛ راوێژکارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی، "پێشبینی دەکەم ئەمساڵ نزیکەی 2 ملیۆن و 700 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم بچێندرێت".
 
ساڵی رابردوو حکومەتی عێراق 500 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت، بۆ هەر تۆنێک 850 هەزار دیناری دەدایە جووتیاران، بەڵام بەرهەمی گەنمی جووتیاران "زۆر لەوە زیاتر بوو"، ئەوەی مایەوە، جووتیاران ناچاربوون لە بازاڕەکاندا بە نرخی کەمتر ساخی بکەنەوە.