رووداو دیجیتاڵ
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی داوا دەکات دوو رۆژنامەڤانی دەزگای میدیایی بوار کە یەکشەممەی رابردوو دەستگیرکران، بە کەفالەت ئازاد بکرێن.
شەوی یەکشەممە 9ـی ئەم مانگە، دەزگای میدیایی بوار رایگەیاند کە دوو رۆژنامەڤانیان بەناوەکانی سەرتیپ كەریم وەیسی، سەرنووسەر و ئیبراهیم عەلی، بەڕێوەبەری نووسین لەلایەن هێزێکی دژەتیرۆرەوە لە رێگەی سلێمانی لە نزیک کۆیە دەستگیرکراون.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، "سلێمانی شوێنێک نییە بۆ زیندانیکردن و ئازاردانی رۆژنامەنووس و نووسەران، بەڵکو پایتەختی رۆشنبیری جێگەیەکە بۆ رێزگرتن لە رەخنە و ئازادییەکانی رۆژنامەنووسان و خاوەن قەڵەمە ئازا و بوێرەکان."
نووسینگەی رۆژنامەڤانیی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا باسی لەوە کرد کە بافڵ تاڵەبانی تیمی پارێزەرانی خۆی راسپاردووە لە "چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان" کار بۆ ئازادکردنی هەردوو رۆژنامەڤان ئیبراهیم عەلی و سەرتیپ وەیسی بکەن بە کەفالەت تاوەکو ئەوکاتەی دۆسیەکە "رێڕەوی یاسایی خۆی وەردەگرێت و دادگە بڕیاری خۆی دەدات."
هەروەها کاژێر 05:00ی ئەم ئێوارەیە لە بنکەی پۆلیسی سەرچنار ھەردوو رۆژنامەڤان ئیبراھیم عەلی و سەرتیپ وەیسی و تیمی پارێزەرانی بافڵ تاڵەبانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی رێکدەخەن.
رۆژنامەڤانەکان بەگوێرەی ماددەی 2ی یاسای قەدەخەکردنی خراپبەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن دەستبەسەرکراون. رۆژی شەممە 15-10-2022، رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەوان چاوەڕوانی ئەوەن رۆژنامەڤانەکان ببرێنە بەردەم دادوەر و دواتر داوای گۆڕینی ماددەکە بکەن بۆ یاسای رۆژنامەگەریی کوردستان.
ئەو کەسەی بەگوێرەی ماددەی 2ی یاسای قەدەخەکردنی خراپبەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن لە هەرێمی کوردستان سزابدرێت، سزاکەی بەمجۆرە دەبێت: بۆ ماوەیەک بەند دەکرێت کە لە شەش مانگ کەمتر نەبێت و لە پێنج ساڵیش زیاتر نەبێت؛ بە پێبژاردنێکیش سزا دەدرێت کە لە یەک ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت یان بە یەکێک لەو دوو سزایە سزادەدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ