رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی رێکخراوی مافی مرۆڤ لە عەفرین رایگەیاند، لە شەڕەکەی رۆژی هەینیی عەفریندا سەربازێکی تورکیا کوژراوە و کامپێکی ئاوارەکانیش سووتێندراوە. گوتیشی: "هێزەکانی تەحریری شام لە عەفرین بڵاوبوونەتەوە".
ئیبراهیم شێخۆ، گوتەبێژی رێکخراوی مافی مرۆڤ لە عەفرین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رەوشی عەفرین و بەتایبەت کەفرجەننە ئاڵۆزە و لە شەڕی نێوان تەحریری شام و فەیلەقی سێیەم چەکی قوورس بەکارهاتووە.
گوتەبێژی رێکخراوی مافی مرۆڤ لە عەفرین گوتی، لە شەڕەکەدا خاڵێکی سوپای تورکیا کراوەتە ئامانج و سەربازێکی تورکیا کوژراوە و برینداریشیان هەیە. ئاماژەی بەوەش کرد: "لە گوندی کورتک لە نزیک عەفرین، کامپێکی ئاوارەکان سووتێندراوە".
شەوی رابردوو دەنگۆی رێککەوتنی نێوان لایەنە شەڕکەرەکانی عەفرین بڵاوبووەوە، بەڵام ئیبراهیم شێخۆ گوتی: "هیچ رێککەوتنێک نەکراوە؛ هەندێک لە بەرپرسانی فەیلەقی سێیەم مەرجەکانی تەحریری شام قبووڵ ناکەن. دەستەی تەحریری شام هەریەکە لە جندرێس و ناوەندی عەفرینیان کۆنترۆڵکردووە".
بەگوتەی ئبراهیم شێخۆ، هێزەکانی تەحریری شام لەنێو عەفریندا بڵاوەیان پێکراوە و رێنمایی دەدەنە خەڵک و ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەوانەی لە کەفرجەننە ماونەتەوە بەهۆی بەردەوامیی شەڕەوە ناوێرن لە ماڵەکانیان بچنە دەرەوە.
دوای ئەوەی هێزەکانی بردە نێو عەفرینەوە، دەستەی تەحریری شام دەستی بە هێرشێکی نوێ کردووە بۆسەر شارۆچکەی کەفرجەننە لە سنووری عەفرین. کوردانی ئێزدیی سنوورەکەش داوای پاراستنیان دەکەن.
چەند رۆژێکە ئاڵۆزی لەنێوان دەستەی تەحریری شام و فەیلەقی سێ لە جەبهەی شامیە دروستبووە. دوای ئەوەی مەرجەکانی دەستەکە لەلایەن فەیلەقی سێ رەتکرانەوە، دەستەی تەحریری شام هێزێکی زۆری رەوانەی عەفرین کرد و بێ شەڕ و پێکدادان چووە نێو شارەکە و بەشێکی زۆری گوندەکانی دەوروبەری.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە سنووری عەفرینەوە بە رووداو گەیشتوون، دەستەی تەحریری شام هێرشێکی نوێی بۆسەر شارۆچکەی کەفەرجەننە دەستپێکردووە و دەیەوێت ئەو شوێنانەی لەژێردەستی فەیلەقی سێیەمدان بخاتە ژێردەسەڵاتی خۆیەوە. ئەم پێشهاتە نوێیەش دوای ئەوە هات داوایان کرد تەواوی ناوچەکە بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی خۆیان و فەیلەقی سێش ئەوەی رەتکردەتەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لەنێو عەفرینەوە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، دەستەی تەحریری شام سێ داوای لە فەیلەقی سێیەم کردووە: داوای بەشێکی سووتەمەنی کردووە کە لە رێگەی دەروازەی سنووریی حەرمانەوە دەچێتە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا، داوای دەسەڵاتی زیاتری کردووە لە سنووری هەرێمی عەفرین و داواشیکردووە هەندێک لە بەرپرسانی فەیلەقەکە لە سنووری عەفرین دووربخرێنەوە بۆ سنووری سەرێکانی.
دژی چوونی دەستەی تەحریری شام، کوردانی ئێزدی لە عەفرین ناڕەزاییان دەربڕی. محەممەد کالۆ، کەسایەتیی دیاری کوردانی ئێزدی لە سنوورەکە رایگەیاند، چوونی دەستەکە بۆ عەفرین و سەپاندنی دەسەڵاتیان رەتدەکەنەوە و جێگەی قبووڵی ئەوان نییە.داواشی لە تورکیا کرد کوردانی ئێزدی و "شوێنە پیرۆزەکانیان" لە سنووری هەرێمی عەفرین بپارێزت.
لە کانوونی دووەمی 2018دا سوپای تورکیا و هێزە نزیکەکانی لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا هێرشیانکردە سەر عەفرین و دوای نزیکەی دوو مانگ لە شەڕ، هەرێمەکەی رۆژئاوای کوردستانیان داگیرکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ