تەلەڤزیۆنی نەتەوەیی سوێد بایەخ بە رووماڵی رووداو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەدات

15-10-2020
ژیار حەکیم
ژیار حەکیم @zhyar_hakim
نیشانەکردن رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا باسی گەرمی میدیاکانی جیهانە، تۆڕی میدیایی رووداویش لە هەواڵ و بوڵتەنەکانیدا رووماڵی رووداو و پێشهاتە نوێیەکانی ئەو هەڵبژاردنە دەکات.
 
کەناڵی تەلەڤزیۆنی سڤێریای سوێدی راپۆرتێکی تایبەتی لەبارەی تۆڕی میدیایی رووداو کردووە، وەکو نموونەیەکی رووماڵی هەواڵەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناوی دەبات.
 
رۆژی یەکشەممە 11-10-2020 سڤێریا تیڤی سەردانی تۆڕی میدیایی رووداوی کردو لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ شێوازی ئامادەکردن و پێشکێشکردنی بەرنامەکانی رووداو کرد، لەنێویاندا هەواڵەکانی کاژێر 08:00، کە پێشکێشکاری دیاری رووداو و کوردستان شاهۆ ئەمین پێشکێشی دەکات.
 
لە سەرەتای راپۆرتەکەدا دەردەکەوێت شاهۆ ئەمین لە ژووری خۆئامادەکردندایە و بە پێکەنینەوە بە تەلەڤزیۆنە سوێدییەکە دەڵێت، "من قژم نییە، بەڵام جێڵ بۆ ریشم بەکاردەهێنم". دواتر دەچێتە نێو ستۆدیۆکەی و هەواڵەکان پێشکێش دەکات. 
 
کەناڵی سڤێریا لەبارەی گرنگیدانی خەڵک بە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا پرسیار لە شاهۆ ئەمین دەکات، ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت، "بەڵێ، هەموو کەسێک گرنگی پێدەدات، چونکە ئەمریکا رۆڵێکی گرنگی هەیە لە عێراق، سووریا و زۆر شوێنی دیکە".
 
شاهۆ ئەمین لەبارەی تووشبوونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەڵێت، بەردەوام هەواڵی نوێ بە خەڵک دەدەین لەبارەی دۆخی تەندروستیی ترەمپ و دیبەیتی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، کە بڕیاربوو لە نێوەڕاستی تشرینی یەکەم دیبەیتی دووەمیان بەڕێوەبچێت.
 
تۆڕی میدیایی رووداو جگە لە هەواڵەکانی نێو بووڵتەنە گشتییەکان، چەند بووڵتەنێکی تایبەتیشی بە رووماڵی ئەو هەڵبژاردنە هەیە، کە هێمن عەبدوڵڵا لە واشنتنەوە و لە کاژێرەکانی 21:00، 01:00، 02:00 و 03:00 بەکاتی کوردستان پێشکێشی دەکات. هەروەها بەرنامەی رەنج و ئەمریکا، کە رەنج سەنگاوی پێشکێشکاریەتی و لە کاژێر 17:00 لە گۆشەنیگای کوردستانەوە رووماڵی ئەو هەڵبژاردنە دەکات.
 
دیجیتاڵ میدیای رووداویش، بەرنامەیەکی تایبەتی هەیە بۆ رووماڵی ئەو هەڵبژاردنە بەناوی (ئەمریکاناسی)، کە لە پلاتفۆرمەکانی فەیسبووک، ئینستاگرام و یوتیوب رۆژانە بڵاودەکرێتەوە.  
 
سڤێریا کەناڵی نەتەوەیی سوێدە و یەکێکە لە کۆنترین میدیاکانی وڵاتەکە، لە ساڵی 1956 دامەزراوە، بەپێی ئامارێکی نافەرمی پڕبینەرترین کەناڵی سوێدە و نزیکەی 36٪ـی سوێدییەکان بینەری ئەو کەناڵەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە