دایک و باوکێکی سلێمانی بژێوی سێ منداڵەکەیان بە پلاستیک کۆکردنەوە دابین دەکەن


رووداو دیجیتاڵ 

بەهرە دانیشتووی سلێمانییە و دایکە، هەموو رۆژێک خۆی و سێ منداڵە بچوکەکەی بە ماتۆڕێکی دوو تایەوە بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانێکی "کولـلەمەرگ" لە ماڵەکەیان دەچنە دەرەوە.
 
بەهرە و منداڵەکانی شەقام و کۆڵانەکان تەی دەکەن لە هەرشوێنێک کارتۆن یان سندووقێکی پلاستیکی فڕێدراو ببینن هەڵیدەگرنەوە.
 
بەشیر هاوژینی بەهرەیە و هاوشێوەی هاوژینەکەی بە ماتۆڕێکی سێ تایە خەریکی هەمان کارە، ئەو ئاسن و کەرەستەی دیکەش کۆدەکاتەوە و دەیانبات بۆ کارگەکانی تواندنەوەی پلاستیک و ئاسن و دەیانفرۆشێت. 
 
بەهرە بەو ماتۆڕە بچووکە دووتایەیەی دەچێت بۆ کار، سێ منداڵە بچووکەکەیشی لەگەڵ خۆی دەبات، ئەوەی لەو ژیانە پڕ کولـلەمەرگییە بەلای منداڵەکانیانەوە گرنگترە، یاریکردنە بەو پاشماوانەی کە رەنگە بە کەڵکی هەموو شتێک بێن، جگە لە یاری.
 
بەهرە محەممەد بەمشێوەیە چیرۆکی خۆی بۆ رووداو دەگێڕێتەوە: "رۆژانە سێ بۆ چوار کاژێر زیاتر دێینە ئەم زبڵخانانە و پلاستیک و ئاسن و نایلۆن کۆدەکەینەوە، دەیبەین دەیفرۆشین، بەڵام بە هەمووی 15 بۆ 20 هەزار دینار ناکات".
 
بەشیری هاوژینی بەهرە، پێشتر ئەندامی هێزەکانی پێشمەرگە بوو، بەڵام بەهۆی زۆر دواکەوتنی مووچەکەی و نەخۆشییەوە وازی لەکارەکەی هێنا و چوار ساڵیشە بەشێوەیەکی سەخت ژیان بەسەر دەبەن.
 
بەشیر ئیبراهیم لەبارەی کارەکەیەوە بە رووداوی گوت "هەموو رۆژێک دەبێت لەم زبڵخانەوە بچینە ئەو زبڵخانە تاوەکو پارچە پلاستیکێک کۆبکەینەوە کە ئەمەش ناتوانین بژێوی ژیانمانی لێ دابین بکەین، چونکە هەر کیلۆیەک لەو پلاستیک و ئاسنانە  150 بۆ200 دینارە".
 
رووداو چووەتە ماڵی ئەو خێزانە، لە ڤیدیۆکەدا دەیبینن کە ماڵێکی بچووکە و ئەو خێزانەش پێنج کەسن، ماڵەکەیان لە گەڕەکێکی ناوەندی شاری سلێمانییە، بەهۆی هەژاری و بێدەرتانییەوە کرێی ئەو خانووە بچوکەیشیان پێنادرێت کە 200  هەزار دینارە. خاوەن خانووەکەشیان مۆڵەتی سێ مانگی بۆ داناون تاوەکو خانووەکەی بۆ چۆڵ بکەن و لێی بچنە دەرەوە.
 
بەپێی ئامارێکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، لە سلێمانی رێژەی هەژاری %4.5 بەڵام دۆخی ئەم خێزانە و سەدان خێزانی دیکە لەو شارەدا، زیاتر لەو ئامارانە و چیرۆکی هەژارییەکەیان، زیاتر دەڵێن.