تەقینەوەیەک لەسەر چیای ئەزمەڕ روویدا و دوو کەس گیانیان لەدەستدا
رووداو - سلێمانی
ئێوارەی ئەمڕۆ تەقینەوەیەک لەسەر چیای ئەزمەڕ روویدا و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا.
ئەرکان عەلی، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی رایگەیاند، تاوەکو ئێستا نازاندرێت هۆکاری تەقینەوەکە چی بووە و هێزە ئەمنییەکانیش رێگە لە رۆژنامەڤانان دەگرن رووماڵی رووداوەکە بکەن.
پەیامنێری رووداو باسی لەوەشکرد، بەهۆی ئەو تەقینەوەیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوونە. تەرمی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە رەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کراون.
هاوکات سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لە سەرەتای رووداوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بەهۆی تەقینەوەکە کەسێک گیانی لەدەستداوە کەسێکی دیکەش بریندارە".
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی راشیگەیاند "تاوەکو ئێستا نازانین تەقینەوەکە بەهۆی چییەوە بووە، هێزەکانی پۆلیس لە شوێنی رووداوەکەن و لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە".
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو یەکێک لەوانەی بەهۆی تەقینەوەکەوە گیانی لەدەستداوە، ناوی (یوسف حوسێن محەممەد مەحموود) ـە، تەمەنی 43 ساڵە و خەڵکی شارۆچکەی قەڵادزێیە.