" هەڵبژاردن لە كەركووك بكرێ كورد دەست بەسەر ئەو شارەدا دەگرێت"

رووداو- ئەلغەد پریس

سەرۆكی لیستی ئەلرافیدەین رایدەگەیەنێ، ئەگەر هەڵبژاردن لەكەركووك ئەنجام بدرێت، ناكۆكی گەورەی تێدەكەوێت بەهۆی دەستبەسەرداگرتنی ئەو شارە لەلایەن كورد.
 
یۆنادەم یوسف كەننا، سەرۆكی لیستی ئەلرافیدەین  دەڵێت، ناكۆكی گەورە لەنێوان پێكهاتەی كوردستانی و هەردوو پێكهاتەی عەرەبی و توركمانیدا هەیە، بەهۆی دەستبەسەرداگرتنی بەشێكی فراوانی شاری كەركووك لەلایەن كورد، لەبەرئەوەش توركمان و عەرەبەكان داوا دەكەن شاركە بكەوێتە ژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی حكومەتی بەغدا.

یوسف كەننا  ئاماژە بۆ ئەوەدەكات، كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان لەتوانایدایە بەئەركی خۆی هەستێت لەمەسەلەی هەڵبژاردنەكاندا و رەچاوی ئەو خاڵە بكات.

بەپێی ماددەی 23ی یاسای هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، دەبێ هەڵبژاردنەكانی پارێزگای كەركووك و شارۆچكەكانی سەر بەو شارە، دوابەدوای دابەشكردنی دەسەڵاتە ئیداری و ئەمنییەكان و پۆستە گشتییەكان ئەنجام بدرێت، ئەو پۆستانەش بریتین لە سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا و پارێزگار و جێگری پارێزگار، كە دەبێت بەیەكسانی بەسەر پێكهاتەكاندا دابەش بكرێن.

پەرلەمانی عێراق لەسەرەتای ئەم خولەیەوە لە 21 كانوونی یەكەمی ساڵی 2010وە و تاوەكو ئێستاش ناكۆكە لەسەر زۆر لە یاسا گرنگەكانی وەك یاسای حیزبەكان و یاسای نەوت و غاز و یاسای خانەنیشینی و هەمواركردنی یاسای پێشنیازكراوی هەڵبژاردنەكان، لەگەڵ یاسای لێبوردنی گشتی و چەندین یاسای دیكە، بەڵام چاودێران پێیان وایە كە ئەو بابەتە موزایەدەی سیاسی و ویستی سەركردەی كوتلەكانی پەرلەمانی تێكەوتووە .