لە کەرکووک خێزانێکی چوار کەسی بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا

15-09-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە لەسەر رێگەی نێوان کەرکووک - تکریت، رووداوێکی هاتووچۆ روویدا، بەهۆیەوە چوار کەسی یەک خێزان گیانیان لەدەست دا. 
 
سامان یابە، گوتەبێژی تەندروستیی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی  رووداوی گوت: "لە پێکدادانێکی نێوان دوو ئۆتۆمبێل، لەسەر رێگەی نێوان کەرکووک- تکریت، چوار ئەندامی خێزانێک گیانیان لەدەستداوە، کە سێ پیاو و ژنێکن".
 
رووداوەکە لەنێوان بارهەڵگرێکی بچووک و بارهەڵگرێکی گەورە روویداوە. 
 
گوتەبێژی تەندروستیی کەرکووک گوتی: "قوربانییەکان خەڵکی تکریت-ن، تەرمەکانیان رەوانەی دادپزیشکیی کەرکووک کران".
 
هەر ئەمڕۆ رووداوێکی هاتووچۆ لەسەر رێگەی نێوان تەلعەبتە - بەعاج لە سنووری پارێزگای نەینەوا روویداوە، بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە و سێی دیکەش بریندار بوون.
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی وەزارەتی پلاندانانی عێراق  کە مانگی شەشی ئەمساڵ  بڵاویکردەوە، ساڵی رابردوو 11552 رووداوی هاتووچۆ لە عێراق روویانداوە و لە ئەنجامدا 3019 کەس گیانیان لەدەستداوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە