نێچیرڤان بارزانی: لەدوای سەردانەکەی شاندی بەغدا بۆ هەولێر، روونە کە مووچە دەدرێت

دوێنێ کاژێر 01:05
پەیمان محەممەد
نێچیرڤان بارزانی لەسەر پردی دەلال لە زاخۆ قسە بۆ رۆژنامەڤانان دەکات.
نێچیرڤان بارزانی لەسەر پردی دەلال لە زاخۆ قسە بۆ رۆژنامەڤانان دەکات.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، 'دوای هاتنی شاندە ئابوورییەکەی بەغدا بۆ هەرێمی کوردستان "روونە کە مووچە دەدرێت''، گوتیشی، کێشەی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لە بەغدایە نەک هەولێر.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 15-09-2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆی کرد و لەسەر پردی دەلال لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "هاتنی ئێمە زیاتر بۆ ئەوە بووە کە بزانین دۆخی ئێرە چۆنە، دەستخۆشی لە هەموو کارێکی باش دەکەم چی ئەوەی لە دهۆک کراوە و چی لە زاخۆ."
 
نێچیرڤان بارزانی لەبارەی ئەو خزمەتگوزارییانەی لە شارەکە دا کراون، گوتی: ''بە راستی سەرم سوڕ ماوە (موعجبم) بەو کار و خزمەتگوزاریییەی کە لێرە (زاخۆ) کراوە، تەنیا پەیامی من پەیامی دەستخۆشییە و هیوادارم تەمەن درێژ و سەرکەوتوو بن.''
 
رۆژی 25ـی مانگی ئاداری 2023، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیرا و تاوەکو ئێستا دەست بە هەناردەکردنەوەی نەکراوەتەوە. سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی دا، ''حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ هەناردەکردنەوە، کێشە لە حکومەت نییە، بەڵکو کێشە لە بەغدایە، ئەگەر نە ئێمە وەکو حکومەت ئامادەین.''
 
 نێچیرڤان بارزانی، هاوکات، باسی لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کرد و ئاماژەی دا، ''دوای ئەو شاندەی کە لە بەغدا سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد، ئەوەی روونە ئەوەیە کە مووچە دەدرێت، بێگومان ئێمە داوای لێبوردن دەکەین بۆ دواکەتنی، بەڵام باوەڕ ناکەم کێشەیەک لە [ناردنی] مووچەدا هەبێت.''
 
رۆژانی 8-9ی ئەیلوولی 2024، ئەنجوومەنی وەزاریی عێراق بۆ کاروباری ئابووری و ئەنجوومەنی ئابووری هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.
 
دوای کۆبوونەوەکە هەردوولا راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتبوو، "ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ ئابووری بڕیاری دا بە پێشکەشکردنی راسپاردەیەک بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ بۆ ئاڕاستەکردنی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردن و ناردنی مووچە راگیراوەکانی هەرێم [ـی کوردستان]، ئەوانەی بەهۆی تەواونەکردنی بایۆمەتری دوورخرابوونەوە".
 
مانگی رابردوو، وەزارەتی دارایی عێراق لەبری مووچەی مانگی 7، مووچەی مانگی 8ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی خەرجکرد، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی 7ـی پێ دابەشکرد.
 
بڕیارە 20ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکرێت. نێچیرڤان بارزانی لەوبارەوە گوتی: "هێشتا بۆ بانگەشە ماوە، پێشتر گوتوومە و ئێستاش دەیڵێم کە دەبێت بانگەشە بکرێت بەو شێوەیەی کەس، کەس نەشکێنێت. لە ئەنجامدا ئێمە هەموومان لە کەشتییەکداین. هەڵبژاردن شتێکی سرووشتییە. هەڵبژاردن دەکرێت. بەڵام یەکتر شکاندن و یەکتر سڕینەوە، بەڕای من نابێت ئەوە بکەین و نابێت بگاتە ئەو قۆناخە.''
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، ''دەبێت بانگەشەی هەڵبژاردن بەشێوەیەک نەبێ کە ئاسایشی کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان تێکبدرێت."
 
حاکم عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی شەممە، 14-09-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەفتەی داهاتوو ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کۆدەبێتەوە، تێیدا بەربژێرەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسند دەکات، هەر لە کۆبوونەوەکەدا وادەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاری دەکرێت".
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میانی سەردانەکەیدا، چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ پارێزگار و کارگێڕیی دهۆک، بەرپرسانی حکومیی زاخۆ و بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنوورەکە ئەنجام دا، هەروەها کاتی پێشکێشکردنی شانۆگەریی 'داستانی کوردستان' لە هۆڵی کۆنفرانسی زانکۆی دهۆک ئامادە بوو.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە