پزیشکیان دەڵێت، کاری لەپێشینە گەیشتنە بە یەک زمان و دیدگای هاوبەش لەگەڵ هەولێر و بەغدا

15-09-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بە زمانی کوردی پەیامێکی لەبارەی سەردانەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.
 
دەقی پەیامەکەی پزیشکیان بە زمانی کوردی:
 
ئەو ئامانجانەی لە سەردانە سێ رۆژەکەمان بۆ وڵاتی دۆستی و دراوسێمان بەدواداچوونمان بۆ کرد لەسەر روانگەی یەکگرتن و یەککەوتن بوو.
 
لەو سەردانەدا 14 یاداشتی لێکگەیشتنی هاوکاریی نێوان ئێران و عێراق واژۆ کرا.
 
ئەولەویاتی ئێمە ئەوەیە کە بگەین بە یەک زمان و دیدگای هاوبەش لە پێوەندیی نێوان هەر دوو وڵات.
 
کۆبوونەوەی باش لە عێراق ئەنجام درا کە بووە هۆی هاودڵیی زیاتر لە نێوان هەر دوو وڵات.
 
ئامانجی گەورەی ئێوە هاودڵی و یەکبوون و یەککەوتنی ئوومەتی ئیسلامییە.

 

 
پزیشکیان رۆژی 12-9-2024 گەیشتە هەولێر و لە لایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرا؛ ئەو یەکەم سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە بێتە هەولێر.
  
بەیانیی رۆژی چوارشەممە، 11-9-2024، پزیشکیان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پێشوازیی لێکرا. هەمان رۆژ، 14 یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان هەردوو وڵات واژۆ کرا.
 
سەردانەکەی پزیشکیان سێ رۆژی خایاند.
 
عێراق یەکەمین وڵاتە کە پزیشکیان دوای سوێندخواردنی وەکو سەرۆککۆمار لە 30ی تەممووزی ئەم ساڵ سەردانی دەکات، سەردانەکەشی دوای بانگهێشتێکی فەرمیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە