رووداو دیجیتاڵ
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق دەڵێت: لە کەرکووک دوو چەکدار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گەمارۆ دراون و دواتر هەردووکیان کوژراون.
بەپێی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، رووداوەکە لە گەڕەکی پەنجا عەلی بووە. "دوو چەکدارەکە پشتوێنی بۆمبڕێژکراویان پێوەبووە و دوای ئەوەی تەقەیان لێکراوە، تەقیونەتەوە."
شانەی راگەیاندنی ئەمنی باس لەوەش دەکات، لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری دوو چەکدارەکە لەو گەڕەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکان گەمارۆدران.
ئەو دوو چەکدارە ماتۆڕسکیلێکیان پێبووە. هێزە ئەمنییەکان لە شوێنی رووداوەکە لێکۆڵینەوە دەکەن. هاوکات تیمەکانی پووچەڵکردنەوەی مین و تەقەمەنی لە شوێنەکەن بۆ پشکنینی زیاتر.
هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو لە شوێنی رووداوەکە ئاماژەی بەوە کرد، تەرمی یەکێک لە چەکدارەکان "پارچە پارچە بووە."
پەیامنێری رووداو باسی لەوەشکرد، لە لایەنی سڤیل و هێزە ئەمنییەکان هیچ زیانێکی گیانی نییە. ئەو شوێنەی رووداوەکە تێیدا روویداوە چۆڵ بووە.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، هەردوو چەکدارەکە پشتوێنی بۆمبڕێژکراویان پێوەبووە، بەڵام پشتوێنی یەکێک لە چەکدارەکان تەقیوەتەوە نەک هەردووکیان.
"شۆفێری ماتۆڕسکیلەکە سەرەتا بە نیشانشکێن کراوەتە ئامانج و چەکدارەکەی دیکە تەقیوەتەوە." ئەمە بەپێی ئەو زانیارییانەی پەیامنێری رووداو دەستیکەوتوون.
بەپێی شانەی راگەیاندنی ئەمنی ئەو چەکدارانە سەر بە داعش بوون و ویستوویانە لە کەرکووک کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن.
هاوکات میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوو چەکدارەکەی گەڕەکی پەنجا عەلی داعش بوون."
عەمید میقداد راشیگەیاند، "دوو چەکدارەکەی داعش هیچ کامیان خۆیان نەتەقاندووەتەوە، بەڵکو بە دەستی هێزە ئەمنییەکان کوژراون."
دوای نزیکەی دوو کاژێر لە رووداوەکە، هێزە ئەمنییەکان پشتوێنە بۆمبڕێژکراوەکەی ئەو چەکدارەیان پووچەڵکردەوە کە نەتەقیبووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ