کەرکووک؛ 28 پڕۆژە بە تەواونەکراوی جێهێڵدراون و بەدواداچوون بۆ 86 دۆسیەی گەندەڵی دەکرێت

16 کاژێر له‌مه‌وپێش
هیوا حوسامەدین
هیوا حوسامەدین
پڕۆژەیەکی دووساید لە کەرکووک کە بە تەواونەکراوی جێهێڵدراوە. وێنە: رووداو
پڕۆژەیەکی دووساید لە کەرکووک کە بە تەواونەکراوی جێهێڵدراوە. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - کەرکووک

پرۆژەی دروستکردنی شەقامێکی دوو ساید، کە لە نزیک باڵەخانەی پارێزگای نوێ کەرکووکە، تەنها یەک کیلۆمەترە و دوو ملیار و 900 ملیۆن دیناری بۆ دانرابوو؛ بەڵام پرۆژەکە کە پێشتر رادەستی ئیدارەی کەرکووک کراوە و ئەوە سێ ساڵە بە تەواونەکراوی ماوەتەوە.
 
27 پرۆژەی دیکەی هاوشێوەی ئەو پرۆژەیە لە ئیدارەکەی راکان سەعید بە تەواونەکراوی بەجێماون، بودجەکەشیان خەرجکراوە و ئێستا شوێنی پرۆژەکان تەنها خۆڵ و خاشاکی لێ کەڵەکە بووە.
 
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەدواداچوون بۆ 86 دۆسیەی گەندەڵی، وەرگرتنی پشک و پرۆژەی تەواونەکراو دەکات، کە سامانی گشتییان تێدا بەهەدەر دراوە.
 
ئەحمەد کەرکووکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت، "کۆمەڵێک کەیس لەژێر دەستی ئێمەدایە، وەرگرتنی پارە، قەرزی زۆر، خراپیی کوالێتیی پرۆژەکان و زۆر بابەتی دیکە، هەمووی هێمای پرسیاریان لەسەرە و لێکۆڵینەوەیان لێدەکەین، کۆمەڵێک پرۆژەی گەورەی دیکە هەن کە بە تەواونەکراوی جێهێڵدراون و بودجەکانیان خوراوە و بۆ ئەم ئیدارە نوێیە جێهێڵدراوە."
 
سێ مانگ پێش رادەستکردنی ئیدارەکەی راکان سەعید، بەبێ رێنوێنی و پسووڵە 20 ملیار دینار خەرجکراوە، ئێستا پارێزگاری نوێی کەرکووک بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارەن، "ئەو 20 ملیارە لە کوێ و چۆن خەرجکراوە؟"
 
رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک دەڵێت، "زۆر ئەزێتی کۆمەڵانی خەڵکی کەرکووک دراوە بە گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی، دەبێت چارەسەریان بۆ بکەین و بیهێنینەوە سەر رێوشوێنە یاساییەکان؛ هەر بە یاساش رووبەڕووی ئەو جۆرە کەسانە ببینەوە، بەڵێ بەهەدەردانی زۆر هەبووە، 20 ملیار دینار زیادەڕۆییان کردووە لەسەر بودجەی کەرکووک و بۆ ئەم ئیدارەی ئێمەیان جێهێشتووە، دەبێت ئێمە لەگەڵ بەغدا هاوئاهەنگی بکەین تاوەکو ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین."
 
راکان سەعید کە سکاڵای لەسەر شێوازی پێکهێنانی ئیدارەی نوێ تۆمار کردووە، دەڵێت، "هیچ بەڵگەیەکی گەندەڵی لەسەر ئیدارەکەی من نییە، هەموو پارە و بودجەیەکی خەرجکراو بە رێکاری یاسایی بووە. ئێمە کەرکووکمان بە جۆرێک بوژاندووەتەوە، بە تۆمەتی بێ بنەما ناسڕدرێتەوە."
 
کەرکووک و 14 پارێزگای عێراق بۆ ساڵی 2024 بودجەی پەرەپێدانی هەرێمەکانیان بۆ خەرج ناکرێت، تەنیا خەرجی وەبەرهێنان بۆ ئەو پرۆژانە دەبێت کە کارکردن تێیدا بەردەوامە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە