گەنجێکی کورد لە نۆکەندی ئینگلیز خنکا

15-09-2024
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەلەمێکی گواستنەوەی پەنابەران کە لە فەرەنساوە بەرەو بەریتانیا بەڕێکەوتبوو لە نۆكەندی ئینگلیز بە 59 کۆچبەرەوە ژێرئاو كەوت، یەكێك لەوانەی لە ناو بەلەمەکە بووە و گیانی لەدەستداوە، گەنجێکی خەڵکی دەربەندیخانە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، سلێمان محەمەد، قایمقامی قەزای دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "یەکێک لەو کۆچبەرانەی کە لە بەلەمە ژێرئاوکەوتووەکەی نۆکەندی ئینگلیزدا بووە و گیانی لەدەستداوە، گەنجێکی کوردی دانیشتووی دەربەندیخانە کە لەگەڵ باوکیدا پێکەوە بوون".
 
گوتیشی، "گەنجەکە ناوی دیاری کامەرانە، تەمەنی 19 ساڵە و لەگەڵ باوکیدا پێکەوە بەرەو بەریتانیا بەڕێکەوتوون، بەڵام دوای ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکە دیاری خنکاوە و باوکی رزگاری بووە".
 
ئاماژەی بەوەش کرد، "لەگەڵ باوکی دیاری قسەمان کردووە و پێی گوتووین بێجگە لە خۆی و دیاری کوڕی، کوردی دیکەش لەنێو چووپەکەدا هەبوون، بەڵام تائێستا نازاندرێت جگە لە دیاری؛ ئەوانەی دیکە کە گیانیان لەدەستداوە کێ بوون؟".
 
قایمقامی دەربەندیخان دەشڵێت، "تەرمی دیاری لە فەرەنسایە و باوکی بە دیار تەرمەکەیەوەیە، چاوەڕێی هاوئاهەنگیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات لەگەڵ فەرەنسا بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی کوڕەکەی".
 
بەگوێرەی گوتەی جاک بیان، بەڕێوەبەری پۆلیسی ناوچەی نۆکەندی ئینگلیز، "رووداوەکە کاژێر 1:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە بە کاتی پاریس، کە دەکاتە 2:00ی بەرەبەیان بە کاتی هەولێر، روویداوە".
 
بەگوێرەی ئاماری دامودەزگەکانی فەرەنسا، بە گیانلەدەستدانی هەشت کۆچبەرەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆوە، ژمارەی ئەوانەی لە سەرەتای ئەم ساڵەوە لە نۆکەندی ئینگلیزدا خنکاون، گەیشتە لانیکەم 45 کەس؛ پار ژمارەکە 12 کەس بوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرنامەی چوار بازنە.

چوار بازنە؛ کێ لە کێشە و گرفتەکانی قەزای دەربەندیخان بەرپرسیارە؟

بەرنامەکە بە بەشداری هەریەکە لە، رێژەن بورهان، بەربژێری یەکێتی نیشتمانی کوردستان، گۆران فەتحوڵڵا شەرەفانی، بەربژێری رەوتی هەڵوێست، رزگار محەممەد، بەربژێری بزوتنەوەی گۆڕان و حەسەن جەباری، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو میوانی سەرەکیی تێیدا بەڕێوەچوو.