پەسندکردنی یاسایەکی پەرلەمان مووچەى 1285 وارسی شەهیدى هەرێمى کوردستان زیاد دەکات

15-09-2024
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بڕیارە پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر یاسایەک بدات کە دەبێتە هۆی زیادکردنی مووچەى 1285 وارسی شەهیدى هەرێمى کوردستان.
 
پەرلەمانى عێراق دەنگ لەسەر هەموارى یاساى دامەزراوەى شەهیدانى عێراق دەدات و بڕگەیەکى بۆ زیادکراوە کە شەهیدانى پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان لە دەرەوەى سنوورى هەرێمى کوردستان بە شەهید هەژمار دەکرێن و مووچەی وارسەکانیان زیاد دەکات.
 
بە گوتەى ئەندامێکى لیژنەى شەهیدان، هەزار و 285 شەهیدن.
 
دەنگدان بە هەموارى ئەو یاسایە لە خشتەى کۆبوونەوەى 17ى ئەیلوولى پەرلەمانى عێراقدایە، کە یەکەم هەموارى یاساى دامەزراوەى شەهیدانە کە لە دواى دەرچوونى یاساکە لە ساڵى 2016 بکرێت. 
 
یەکێک لە هەموارەکان زیادکردنى بڕگەیەکە بۆ مادەى یەکەمى یاساکە کە تایبەتە بە پۆلێنى شەهیدان، بەوەى شەهیدانى پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەکانى دەرەوەى سنوورى هەرێمى کوردستان بگرێتەوە. 
 
چرۆ حەمەشەریف، ئەندامى لیژنەى شەهیدان و قوربانییان و زیندانییانى سیاسیى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: بە گوێرەى هەموارەکە ئەو پێشمەرگە و کارمەندانەى دەزگە ئەمنییەکانى هەرێمى  کوردستان کە لە ناوچەکانى سنوورى مادەى 140 شەهید بوون، یاساکە دەیانگرێتەوە، بە هێزەکانى بەرگری و فریاکەوتن و ئاسایش و هێزەکانى زێرەڤانییەوە.
 
بە گوێرەى یاسای دەزگەى شەهیدانى عێراق، کەسوکارى شەهید مووچەیەکى خانەنشینیی دەبێت کە هێندەى مووچەى زیندووەکان بێت و پارچەیەک زەوى یان یەکەیەکى نیشتەجێبوونى پێدەدرێت، ئەگەر بەوەش قایل نەبوو، بە پارە دەخەمڵێندرێت و پارەکەى دەدرێتێ.
 
چرۆ حەمە شەریف گوتى، دواى هەموارەکە ئەو شەهیدانەى ناوچەکانى مادەى 140 دەخرێنە سەر دامەزراوەى شەهیدانى عێراق و مووچەی وارسەکانیان زیاد دەکات، "چونکە مووچەى هێزە ئەمنییەکان لە حکومەتى فیدراڵى زیاترە لەوەى لە هەرێمى کوردستان هەیە".
 
لە دواى دەرکەوتنى داعش لە ساڵى 2014، هێزى پێشمەرگەى کوردستان و دەزگە ئەمنییەکانى دیکە لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانى نەینەوا و سەڵاحەدین و دیالە بەشدارییان لە شەڕى دژ بە داعش کرد و ئەو 1285 کەسە لەو ناوچانە شەهید بوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی ئەرشیڤیی بارانبارین لە هەولێر، وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

کەشناسان: هێشتا پەڵەی نەداوە

شارەزایانی کەشناسی دەڵێن، تاوەکو ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان پەڵەی تەواوی نەداوە. ئەندازیارێکی کشتوکاڵیش لە هەولێر باس لەوە دەکات، بارانێکی دیکەی وەک 24 کاژێری رابردوو ببارێت، پەڵە دەدات.