چارەنووسی زەوییە داگیرکراوەکانی کورد لە کەرکووک لە دادگەی فیدراڵی و پەرلەمانی عێراقە
رووداو دیجیتاڵ
دادگەی فیدراڵی و پەرلەمانی عێراق، هێشتا هیچ بڕیارێکیان لەبارەی ئەو زەوییانەی کورد و تورکمانی کەرکووک نەداوە، کە بە بڕیارێکی حکومەتی بەعس لەلایەن عەرەبی هاوردەوە دەستیان بەسەردا گیراوە. بڕیارە بۆ بەدواداچوون لەبارەی چارەنووسی زەوییەکان، سکاڵاکارانی کورد بچنە بەغدا.
ئەو دوو سکاڵایەی بڕیارە تاوتوێ بکرێت و بڕیاری لەسەر بدرێت یەکێکیان لەلایەن شەش هاونیشتمانى کوردى ناحیەى سەرگەڕان تۆمارکراوە، سکاڵاى دووەمیان چوار هاونیشتمانى قەزاى داقووق تۆماریان کردووە.
1.2 ملیۆن دۆنم زەویی کەرکووک کێشەیان لەسەرە
بە گشتی لە سنووری پارێزگای کەرکووک ملیۆنێک و 200 هەزار دۆنم زەوی لەنێوان کورد و تورکمان لەگەڵ عەرەبی هاوردە کێشەیان لەسەرە. لە خورماتووش 10 هەزار دۆنم زەوی کێشەیان لەسەرە.
زیاتر لە 130 هەزار دۆنم زەویى هاونیشتمانیانى کورد و تورکمان لە سنووری پارێزگای کەرووک داگیرکراوەو بۆیان نەگەڕێندراوەتەوە. ئەو زەوییانە هێشتا موڵکدارییان یەکلا نەکراوەتەوە، کە لەلایەن عەرەبی هاوردەوە لە سەردەمى دەسەڵاتى بەعس داگیرکراوە.
زۆرینەى زەوییە داگیرکراوەکانى کورد و تورکمان لە کەرکووک دەکەونە قەزاى دووبز، قەزاى ناوەندى کەرکووک، ناحیەکانى سەرگەڕان، پردێ، شوان، تۆپزاوا، لەیلان، داقووق، تازە و بەشیر.
زۆرینەى زەویی داگیرکراوی کورد، کە خاوەندارێتیان بە گوێرەى مادەى 140 یەکلایی نەبووەتەوە لە سنوورى قەزاى دووبز، قەزاى ناوەندى کەرکووک، ناحیەکانى سەرگەڕان، پردێ، شوان، تۆپزاوا و داقووقن.
زۆرینەى زەویی داگیرکراوی تورکمان لە پارێزگای کەرکووک لە سنوورى ناحیەکانى لەیلان، تازە و بەشیرن.
دۆسیەکە لە قۆناخی کۆتاییە
دانیشتنەکەى دادگە دووشەممە 16ی ئەیلوول بەڕێوەدەچێت، لە دواى ئەوەى لە 21ى تەمووز دواخرا.
شێخ عیزەدین، یەکێکە لەو هاونیشتمانییانەی کە سکاڵایان بۆ وەرگرتنەوەی زەوییەکانیان تۆمارکردووە. ئەو بە رووداوی گوت: "کۆبوونەوەی پێشووى دادگەى فیدڕاڵی بۆ وردبینیکردنى سکاڵاکان دواخرا، دۆسیەکە گەیشتووەتە قۆناخەکانى کۆتایی و بۆ بڕیارى کۆتایی ئامادەیە".
لەهەردوو سکاڵاکەدا داواى هەڵوەشاندنەوەى چوار بڕیارى ئەنجوومەنى سەرکردایەتى شۆڕشى دەسەڵاتى پێشووى عێراق و چەند مادەیەکى یاساى بەناوکردنى زەوى و یەکخستنى رەگەزى زەوى دەوڵەت دەکەن.
تاوتوێکردنى ئەو دوو سکاڵایە لەکاتێکدایە پڕۆژەیاسایەک لە پەرلەمانى عێراقە بۆ هەڵوەشاندنەوەی چەند بڕیارێک، کە تایبەتن بە داگیرکردنى زەوى هاونیشتمانیانى کورد و تورکمان لەو شارە و گەڕاندنەوەى مافەکانیان.
سکاڵا بۆ وەرگرتنەوەی 80 هەزار دۆنم زەوی
بڕیارەکەی حکومەتی بەعس شەش بڕگەیە، 10 هاونیشتمانیی کوردی کەرکووک (ئەوانەی زەوییان داگیرکراوە) سکاڵایان لەسە دوو بڕگەیان تۆمارکردووە، کە بڕیاری 949یە لە سنووری سەرگەڕان و بڕیاری 824 لە سنووری تاڵەبانی و کاکەییەکان و بووەتە هۆی ئەوەی دەست بەسەر 80 هەزار دۆنم زەویی کورددا بگیرێت.
شێخ عیزەدین دەڵێ: ئەگەر ئەم دوو سکاڵایەمان ئەنجامی هەبێت، سکاڵای دیکە تۆمار دەکەین.
لەو 80 هەزار دۆنم زەوییە، 42 هەزار دۆنم کەوتووەتە سنووری ناحیەکانی سەرگەڕان، دووبز و پردێ. 38 هەزار دۆنمیش کەوتووەتە سنووری گوندەکانی جدێدە، تەلمەغار، سێکانی و بانشاخ، مووسا کۆیی، تەلڕەبعە، گومبز و شەفەلەح.
دانیشتنی پەرلەمانی عێراق و پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی موڵکی کورد و تورکمان
پەرلەمانی عێراق کارنامەی خۆی بۆ رۆژی دووشەممە بڵاوکردەوە، یەکەمین کاریشی دەنگدان دەبێت لەسەر پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی خانووبەرەی کورد و تورکمان.
فراکۆسیۆنە کوردستانییەکان پێشتر رایانگەیاندبوو، ئەگەر دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساکە نەخرێتە کارنامەی پەرلەمانەوە، بەشداری لە هیچ دانیشتنێکدا ناکەن.
رۆژی شەممە، 14-09-2024، چرۆ حەمەشەریف، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا فراکسیۆنە کوردستانییەکان مکوڕن لەسەر بایکۆتکردنی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان، تاوەکو پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی زەوی و خانوو بۆ خاوەنەكانیان دەخرێتە بەرنامەی کارەوە."
پڕۆژەیاساکە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە، خرابووە بەرنامەی کاری رۆژی 03-09-2024 پەرلەمان بۆئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام دانیشتنەکە نەکرا.
"سوننە دژی گەڕاندنەوەی زەوییەکانە و شیعەش پاڵپشتیی سوننە دەکات"
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەسەر پرۆژەیاساکە لیژنەیەک لە پەرلەمانی عێراق پێکهێنراوە و بڕیارە راپۆرتی خۆی پێشکێش بکات بۆ ئەوەی لەسەری بگەنە رێککەوتن و دەنگی لەسەر بدرێت.
سۆران عومەر هەروەها گوتی، "سوننەکان بە پلەی یەکەم دژی پرۆژەیاساکەن؛ شیعەکانیش پشتیوانی سوننەکان دەکەن."
شەوی 03-09-2024 فراکسیۆنە کوردستانییەکانی نێو پەرلەمانی عێراق کە پێکهاتوون لە (پارتی، یەکێتی، یەکگرتوو، نەوەی نوێ، کۆمەڵی دادگەری، لەگەڵ پەرلەمانتارێکی پێکهاتەی کرستیان) پەیامێکی ناڕەزایی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.
فراکسیۆنەکان گوتیان، هەندێ لایەن رێگرییان کردووە لەوەی لە دانیشتنەکەی پێشتری پەرلەماندا پڕۆژەیاسای "گەڕاندنەوەی موڵک بۆ خاوەنەکەی" تێپەڕێنرێت و پەسند بکرێ، کە مافی ئەو کەسانە دەگەڕێنێتەوە کە بەدەست "رژێمی پێشووەوە ناڵاندوویانە و تووشی راگواستن و سەرکوتکاری بوون."
لە پەیامەکەیاندا داوا لە فراكسیۆنەكانی پەرلەمان و هاوبەشەكانیان دەکەن لەگەڵیان بن بۆ تێپەڕاندنی ئەو پڕۆژەیاسایە "لەپێناو بەدیهێنانی دادپەروەری و كۆتایهێنان بە زەرەرمەندبوونی ئەو هاووڵاتییانەی قوربانیی سیاسەتەكانی رژێمی لەنێوچوون؛ هەروەها بۆ زامنكردنی سەقامگیری و ئاشتی كۆمەڵایەتی، بەتایبەت لەناوچە كێشە لەسەرەكان."