لە سنە و لۆڕستان چوار کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا

15-09-2023
سینا سۆما
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە دوو رووداوی هاتووچۆدا لە پارێزگاکانی سنە و لۆڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان، چوار کەس گیانیان لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
عیسا گەوهەری، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای سنە رایگەیاند، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 14ی ئەیلوولی 2023 بارهەڵگرێک و ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لەسەر رێگەی نێوان قەزای قوروە لە پارێزگای سنە و قەزای سونقور لە پارێزگای کرماشان تووشی رووداوی هاتووچۆ بوون.
 
عیسا گەوهەری گوتی، لە رووداوەکەدا ئۆتۆمبێلە تایبەتەکە کە لە جۆری ساینا بووە، تەقیوەتەوە، بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و سێ کەسیش بریندار بوون.
 
گەوهەری گوتیشی: دوای رووداوەکە دەستبەجێ تیمەکانی گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، تەرمەکان و بریندارەکانیان گواستووەتەوە نەخۆشخانە و دادپزیشکی. پۆلیسیش دەستی بە لێکۆڵینەوە لەبارەی هۆکاری رووداوەکە کردووە.
 
لە رووداوێکی دیکەدا لە پارێزگای لۆڕستان، پاسێک و بارهەڵگرێک لەسەر رێگەی خێرای خورەمئاوا-پردی زاڵ پێکیاندادا و بە هۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا.
 

محەممەد زارعی، بەڕێوەبەری پۆلیسی لۆڕستان دەڵێت، پاسەکە لە تارانەوە بەرەو شاری ئەهوازی ناوەندی پارێزگای خۆزستان بەڕێکەوتبوو، لە سنووری پارێزگای لۆڕستان لەگەڵ بارهەڵگرێک تووشی پێکدادان بووە.
 
سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکەش، بەڕێوەبەری پۆلیسی لۆڕستان دەڵێت، بەپێی لێکۆڵینەوەکانیان شۆفێری پاسەکە خەوی لێکەوتووە، بۆیە کۆنترۆڵی پاسەکەی لەدەستداوە و ئەم رووداوەی لێکەوتووەتەوە.
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە دوێنێ لە پارێزگای کرماشانیش چوار کەس بە رووداوی هاوتووچۆ گیانیان لەدەستدا و 5 کەسیش بریندار بوون.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە