دوو هاونیشتمانی لە سنووری کۆیە لە ئاودا خنکان

15-09-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە دوو رووداوی جیادا لە سنووری قەزای کۆیە، دوو هاونیشتمانی لە ئاودا خنکان. بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی کۆیە دەڵێت، قوربانییەکان یەکێکیان خەڵکی کەرکووک و ئەوی دیکەش دانیشتووی سلێمانییە و مامۆستای وانەبێژ بووە.
 
رۆژی هەینی 15ـی ئەیلوولی 2023، عەمید گۆران ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی کۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ دوو هاونیشتمانی لە زێی بچووک خنکان، یەکێک لە رووداوەکان لە سنووری ناحیەی تەقتەق بووە و ئەوی دیکەش لە سنووری ناحیەی ئاشتی". 
 
یەکێک لەوانەی گیانی لەدەستداوە، ناوی یوسف دارا عەبدولخالقە و تەمەنی 14 ساڵە و دانیشتووی کەرکووکە. بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی کۆیە گوتی، تەرمەکەی دۆزراوەتەوە و رەوانەی دادپزیشکی کراوە. 
 
لەبارەی هاونیشتمانییەکەی دیکەوە، گۆران ئەحمەد گوتی، ناوی ئارام محەممەد عەلییە؛ لە دایکبووی 1995ـە و مامۆستای وانەبێژ بووە. 
 
هەردوو هاونیشتمانییەکان بۆ گەشت و سەیران روویان لە ناوچەکانی سنووری کۆیە لە پارێزگای هەولێر کردووە و بەهۆی نەشارەزاییەوە لە مەلەکردن خنکاون. 
 
ساڵانە لە وەرزی هاویندا ژمارەی خنکان لە ئاو و چەمەکانی هەرێمی کوردستان بەرز دەبێتەوە؛ هەینی رابردوو 8ـی ئەیلوول لە سێ رووداوی جیادا لە زێی گەورە لە قەزای خەبات لە سنووری پارێزگای هەولێر، سێ کەس خنکان.
 
بەگوێرەی ئاماری ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو سەرەتای مانگی ئاب، 61 کەس لە سنووری هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لە ئاودا خنکاون.
 
بەگوێرەی ئامارەکە، تاوەکو ئەو رێکەوتە 27 کەس لە سنووری پارێزگای هەولێر، 19 لە پارێزگای دهۆک، 14 لە پارێزگای سلێمانی و یەک کەسیش لە پارێزگای هەڵەبجە خنکاون. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە