رووداو دیجیتاڵ
لە سۆران لە فێستیڤاڵی بەرهەمە کشتوکاڵییەکاندا بەرهەمی سپیایی، بەروبوومی کشتوکاڵی، هەنگوین و کارە دەستییەکان نمایش کران.
فێستیڤاڵەکە یەکەم جارە لە سۆران ئەنجام دەدرێت، ئەوانەی بەرهەمەکانیان نمایشکرد هەم بەرهەمەکانیان ناساند، هەم بڕێکی زۆریان لێ فرۆشت.
کەیوان غەفوور، بەشداربوویەکی فێستیڤاڵەکەیە و گوتی: کەسی واهەبوو دەیگوت نەمزانیوە فراولە و فستقی خۆماڵی هەبێت، هەروامان زانیوە هەموو شتێکی بازاڕ هاوردەیە.
عەبدولڕەحمان ئەحمەد، بەشداربوویەکی دیکەی فێستیڤاڵەکەیە و گوتی: من بابەتێکی تازەم هەیە و خەڵک بەرهەمەکەمیان نەناسیوە، لە فێستیڤاڵەدا تەحینی منیان ناسی کە 100% سرووشتییە.
بۆ ئەوانەی بەشداربوون لە فێستیڤاڵی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی سۆران دەبوایە، ئەو بەرهەمەی نمایشی دەکەن 100% خۆماڵی بێت.
ئیسماعیل حەمەدەمین، هەنگەوانێکە و دەڵێت: زۆر کەس هەیە بەدوای هەنگوینی ئەسڵیدا دەگەڕێت لە بازاڕ دەستی ناکەوێت، فێستیڤاڵەکە بۆ ئەوە باشە کە خەڵک لە نزیکەوە ئاشنای بەرهەمی خۆماڵی دەبێت و لە دەستی یەکەمەوە سەرچاوەکەی دەبینێت بۆ کڕیار و بۆ ئێمەش باشە.
جووتیارانی سنووری باڵەکایەتی، مێرگەسۆر، رواندز، سۆران و خەلیفان هەریەکێک لەبن کەپرێکدا بەرهەمەکانیان نیشاندان.
بۆ پێگەیشتنی بەروبوومە کشتوکاڵییەکانی سنووری سۆران و دەوروبەری هێشتا زووە؛ ئەم پێنەگەیشتنی بەروبوومە بە فێستیڤاڵەکەوە بینرا. تەنها سێو و ترێ بوون لە بەروبوومە کشتوکاڵییەکان کە بە تەنیشت بەرهەمەکانی دیکەوە نیشانی کڕیاران دران.
ئەحمەد مستەفا، جووتیارێکە و گوتی: بەهاری ئەم ساڵ سارد و سەرمایەکی بەهێز هات، بەرهەمی باڵەکایەتی هەمووی لەنێوبرد، تەنها بەرهەمێک کە ماوە سێوە بۆ سێویش زوو بوو ئەو فێستیڤاڵە.
فێستیڤاڵەکە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام بوو رێکخەرانی ئامانجیانە لەمەودوا هەموو ساڵێک و لە کاتی گونجاوتردا ئەنجامی بدەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ