ترێ لە دهۆک بەراورد بە پار 50٪ کەمیکردووە

16-09-2023
هونەر رەشید
بەرهەمی ترێی جووتیارێک لە پارێزگای دهۆک.
بەرهەمی ترێی جووتیارێک لە پارێزگای دهۆک.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە دهۆک کە زۆرترین رێژەی بەرهەمهێنانی میوە لە هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێت، ئەم ساڵ "بەهۆ کەشی ساردی مانگی ئادار" بەرهەمهێنانی ترێ 50٪ بەروارد بەساڵانی رابردوو کەمیکردووە. لەو پارێزگایە نزیکەی 60 جۆری ترێ بەرهەمدەهێندرێن. 
 
خالید ئەحمەد، جووتیارێکی کۆمەڵگەی باگێڕای سەر بە ناحیەی زاویتەیە لە پارێزگای دهۆک؛ خۆی و باوباپیرانی 65 ساڵە ترێ بەرهەمدەهێنن. پێشبینیی ئەوەی نەدەکرد کوالێتیی بەرهەمەکەی بەو جۆرە بێت. هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، پلەی گەرمای نزم لە وەرزی بەهاردا کاریگەریی کردووەتە سەر بەرهەمەکەی. 
 
خالید دەڵێت، "ئەو ترێیەی بەر سەرما کەوتووە، هیچی نەماوە. بەرهەمی ترێ زۆر کەمترە لە پار، بەڵام ئەوەشی ماوەتەوەوە هەر بەرهەمێکی جوانی داوە. ئەوە لەسەر شارەزایی جووتیارەکە دەمێنێتەوە، بیپاچێت و چاودێریی بکات. ئەوەندەی زووتر دارمێوەکە بپاچێندرێت، بۆ بەرهەمی ترێیەکە خراپە. دەبێتە هۆی ئەوەی سەرما بیبات و بەرهەمەکەی لەنێو بچێت." 
 
لە سنووری کۆمەڵگەی باگێڕا 33 جۆری ترێ بەرهەمدەهێندرێن. پار ساڵ بەرهەمی ترێیەکەی نزیەکی 180 تۆن بوو. بۆ ئەم ساڵ پێشبینیی نزیکەی 130 تۆن بەرهەم دەکرێت. 
 
لە سەرتاسەری پارێزگای دهۆک، نزیکەی 60 هەزار تۆن ترێ بەرهەمدەهێندرێت. ئەم ساڵ نزیکەی 30 هەزار تۆن بەرهەم هەبووە. کاریگەریی جیاوازیی پلەکانی گەرما لە شوێنێک بۆ شوێنێکی دیکە و شارەزایی جووتیارەکە کاریگەریی لەسەر بەرهەمی ترێ هەبووە، بەڵام لایەنە فەرمییەکان دەڵێن، بەرهەمی ترێی ئەم ساڵ بەشێوەیەکی گشتی بەراورد بە پار کەمترە. 
 
ئەمجەد عوبەید، بەڕێوەبەری بەشی باخداری لە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی دهۆک دەڵێت، "مانگی ئاداری ئەم ساڵ پلەکانی گەرما کەوتنە ژێر سفرەوە، ئەو بارانە زۆرەش کە باری، بووە هۆی ئەوەی بەرهەمی میوە بە گشتی کەمبێتەوە، بە تایبەتی ئەگەر باسی بەرهەمی ترێ بکەین، دەتوانین بڵێین بەراورد بە پار، بەرهەمی ترێ لە پارێزگای دهۆک 50٪ کەمیکردووە." 
 
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی باخداریی دهۆک، لە سەرانسەری پارێزگاکە نزیکەی دوو ملیۆن و 500 هەزار دارمێو هەن و لەسەر رووبەری شەش هەزار دۆنم زەوی چێندراون. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە