55 هەزار زیارەتکار لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە چوونەتە کەربەلا

15-09-2022
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو- هەولێر 

نزیکەی 55 هەزار زیارەتکاری ئێرانی بەمەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە چوونەتە پارێزگای کەربەلا. بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەولێر دەڵێت، نزیکەی 25 هەزار کەسیان لە رێگەی دەروازی حاجی ئۆمەرانەوە بووە. گوتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانیش گوتی، 30 هەزاریان لە دەروازەکانی پارێزگای سلێمانییەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.
 
رۆژی 15ـی ئەیلوولی 2022، ئیسماعیل مینەخان، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر لەبارەی ئەو زیارەتکارە ئێرانییانەی لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی وڵاتەکەیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان سەردانی کەربەلایان کردووە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی 25 هەزار زیارەتکاری ئێرانی بەمەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمەکانی چلەی ئیمام حوسێن هاتوونەتە هەولێر."
 
بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر گوتیشی: "زیارەتکارانی ئێرانی بە پاس تاوەکو دەروازەی سنووری دێن و لەوێوە بە پاسەکانی هەرێمی کوردستان تاوەکو هەولێر دەگوازرێنەوە و دوای پشوو و مانەوە لە پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر کە بۆ ئەو مەبەستە تەرخانکراوە، هەر پاسەکانی هەرێمی کوردستان تاوەکو بەغدا دەیانگوازنەوە."
 
ئیسماعیل مینەخان باسی لەوەشکرد کە ئەو زیارەتکارانە بەزۆری لە ناوچەکانی تەبرێز و ورمێ و ئەردەبیل و نەغەدەوە دێن.
 
هاوکات هەر ئەمڕۆ ئارام شوانی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی 30 هەزار زیارەتکاری ئێرانی لە رێگەی هەردوو دەروازی باشماخ و پەروێزخانەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و دواتر چوونەتە کەربەلا." 
 
حوسێنی كوڕی عەلی و كچەزای محەممەدی کوڕی عەبدوڵڵا، پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) لە 10ـی مانگی موحەڕەمی ساڵی 61ـی كۆچی كە دەكاتە 10ـی تشرینی یەکەمی ساڵی 680ـی زایینی، لە كەربەلا كوژرا. پەیڕەوانی شیعە هەموو ساڵێك 40 رۆژ دوای ئەو رۆژە، چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن دەگێرن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە