بەڕێوەبەری ناحیەی بێتواتە: گوند هەیە 80٪ی ئاوەکەی وشکبووە

15-09-2022
رێبوار عەلی
نیشانەکردن وشکەساڵی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە سنووری شارۆچکەی بێتواتەی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین هەندێک گوند 80٪ی ئاوەکەیان وشکبووە و لە هەندێک گوندیش تەنیا بەشی خواردنەوە ئاو ماوە. بەڕێوەبەری شارۆچکەکەش دەڵێت، لە 32 گوندی سنووری ناحیەی بێتواتە یەک گوندیش نییە رێگەکەی قیرکرابێت و بەهۆی خراپیی رێگەکان هەر کەسێک جارێک سەردانی ئەو گوندانە بکات، جارێکی دیکە ناگەڕێتەوە.
 
ئیبراهیم محەممەد، بەڕێوەبەری ناحیەی بێتواتە بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، 32 گوند لە سنووری ناحیەی بێتواتە هەن، هیچیان رێگەیان قیرنەکراوە. 
 
رێگەی نێوان شکارتە - سەروچاوە قیرکراوە، بەڕێوەبەری ناحیەی بێتواتە دەشڵێت "ئێستا دەمانەوێت دوو سایدی نێوان حاجیاوا و سەروچاوەش قیربکەین، داواکاریمان بۆ زۆربەی گوندەکان پێشکێشکردووە، بەداخەوە بەهۆی قەیرانی دارایی هیچ یەک لە گوندەکان قیرنەکراون."
 
ئێستا بەهۆی خراپیی خزمەتگوزاری بەشێکی هاونیشتمانییان گوندەکانیان چۆڵکردووە، ئیبراهیم محەممەد ئاماژە بەوەش دەدات کە "خەڵکەکە بەشێوەیەکی گشتیی گوندەکان چۆڵدەکەن و روو لە شارەکان دەکەن، چونکە هیچ سەرچاوەیەکی بژێوی ژیان نایانبەستێتەوە بە مانەوە لە گوند، ناتوانن بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بژێوی ژیانیان دابین بکەن".
 
بەڕێوەبەری ناحیەی بێتواتە پێیوایە، ئەگەر رێگەی گوندەکانی ئەو سنوورە قیر بکرێن گەشتیارێکی زۆر رووی تێدەکەن، "چونکە هەمووی ناوچەی گەشتیارین و تاڤگە و شوێنی سەرنجڕاکێشی زۆری لێن، بەڵام ئەوەی جارێک دێتە ئەو ناوچەیە جارێکی دیکە نایەتەوە، ئەمەش بەهۆی خراپی رێگەکان."
 
وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەریی لەسەر بەشێکی زۆری ناوچەکانی بیتوێن و پشدەر کردووە، بەڕێوەبەری ناحیەی بێتواتە گوتی، ئاوی هەندێک لە گوندەکانی سنوورەکە "لە 80٪ وشکبووە، هەندێک گوندیش تەنیا بەشی خواردنەوە ئاویان هەیە و پێشتر بۆ کشتوکاڵیش بەکارهاتووە".
 
ناحیەی بێتواتە لە سنووری قەزای حاجیاوایە لە ئیدارەی راپەڕین لە سنووری پارێزگای سلێمانی. لە باکوور ھاوسنوورە لەگەڵ گوندی بێکێل و لە باشوور لەگەڵ گوندی دوواوە و لە رۆژھەڵات لەگەڵ گوندی نۆرەی سەروو و لە رۆژاوا لەگەڵ گوندی نواوەی کۆن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمەڵی دادگەری

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری لە هەر 4 بازنەکەی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە. سەرۆکی لیستی ئەو حیزبە لە بازنەی هەولێر دەڵێت، خەڵک لە دەرەوەی کۆمەڵیش ویستبێتی لەسەر لیستی ئەوان خۆی بەربژێر بکات، پەسندیان کردووە.