پارتی لە دهۆک دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن دەکات


رووداو دیجیتاڵ

پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئامادەبوونی بەربژێرەکانی لە پارێزگای دهۆک دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن دەکات. بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی حیزبەکەش لەو پارێزگایە دەڵێت، متمانەیان بە خۆیان هەیە هەر 11 کورسییەکە بەدەستبهێنن. 
 
ناسر عەلی، بەڕێوەبەری نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە دهۆک رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە 15-09-2021، پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای دهۆک بە ئامادەبوونی ژمارەیەک ئەندامی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی حیزبەکەی دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکات.
 
دهۆک ئەو پارێزگایەیە کە تێیدا پارتی زۆرترین دەنگ و لایەنگری بەراورد بە ژمارەی دانیشتووانەکەی هەیە؛ لە ساڵی 1992ـەوە زیاتر لە 70٪ی دەنگەکانی دهۆک بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان بووە.
 
خالید ئەحمەد، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی لقی 1ی پارتی لە دهۆک، کە بۆ ناسر عەلی قسەی کرد، رایگەیاند: "ئەمڕۆ لە سنووری لقی 1 بە فەرمی دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن دەکەین و بەربژێرەکانمان بە جەماوەری خۆمان دەناسێنین و پەیامی پارتی رادەگەیێنین".
 
بە گوتەی خالید ئەحمەد، ئەوان چاویان لەوەیە لەم هەڵبژاردنەدا هەر 11 کورسییەکەی پارێزگای دهۆک بەدەستبهێنن و دەڵێت: "پێگەی پارتی لەم سنوورە بەهێزە و یاسای نوێی هەڵبژاردنیش زەمینەکەی لەبارتر کردووە بۆ ئەو پارتانەی کە پێگەیان بەهێزە؛ بۆیە پشت ئەستوورین کە هەر 11 کورسییەکە بەدەستبهێنین".
 
پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری پارێزگای دهۆک 11 بەربژێری لە هەرسێ بازنەکەی هەڵبژاردندا هەیە، لە بازنەی یەکەم 4 بەربژێر، لە بازنەی دووەم 3 بەربژێر و لە بازنەی سێیەم 4 بەربژێری هەیە. هاوپەیمانی کوردستان 2 بەربژێر، یەکگرتووی ئیسلامی 2 بەربژێر، حیزبی سۆسیالیست 3 بەربژێر و نەوەی نوێش 3 بەربژێریان هەیە.