لە هەڵەبجە کێشەی کەمی فەرمانبەر و بەڕێوەبەرایەتی هەیە

رووداو - هەڵەبجە

لە پارێزگای هەڵەبجە کێشەی کەمی فەرمانبەر و بەڕێوەبەرایەتییەکان چارەسەرنەکراوە. بەگوتەی بەرپرسانی شارەکە لە کۆی 73 بەڕێوەبەرایەتی تاوەکو ئێستا 40 بەڕێوەبەرایەتی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەکراونەتەوە. 
 
شادمان ئازاد، بەڕێوەبەری گەنجینەی هەڵەبجە دەڵێت: "ئەو فەرمانگانەی هاتوونەتەوە ئێمە كارەكانیان بۆ دەكەین، زۆربەشیان ناچارن لە گەنجینەی یەك و دووی سلێمانی لیستەكانیان ئامادە بكەن، چونكە ئێمە فەرمانبەرمان كەمە و فریاناكەوین".
 
پارێزگای هەڵەبجە بۆ رایکردنی کارە ئیدارییەکانی هاونیشتمانیان، پێویستی بە 73 بەڕێوەبەرایەتییە کە سەر بە 14 بەڕێوەبەرایەتی گشتی بن، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنها 33 بەڕێوەبەرایەتی دەستبەکاربوون لەگەڵ نۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی کە یەکێکیان تەنها فەرمانەکەی دەرچووە و نە بەڕێوەبەرایەتییەکە هەیە و نە فەرمانبەر، ئەوانی دیکەش ژمارەیەکی زۆر فەرمانبەریان پێویستە بۆ راییکردنی کارەکانیان.
 
هەندێك لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان پێشتر بەڕێوەبەرایەتی بوون و ناوەكانیان گۆڕاوە بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی، هیچ فەرمانبەرێكیان بۆ دانەمەزراندوون.
 
د. ئازاد مستەفا، بەرێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە دەڵێت: "ئێستا لەبەر نەبوونی فەرمانبەر ناتوانم نەخۆشخانەی بیارە بكەمە، لە بەر نەبوونی پزیشك ناتوانن ئای سی یو بكەمەوە، ئەگەر فەرمانبەرم هەبێت وەك هەر پارێزگایەكی دیكە كاری هاونیشتیمانیان باشتر بەڕێدەكەین".
 
بەقسەی بەرپرسانی پارێزگتای هەڵەبجە، ئەو پارێزگایە پێویستی بە 2000 فەرمانبەرە، بەڵام ئەگەر پارێزگا بە نموونە وەربگرین پێویستی بە 451 فەرمانبەرە، بەڵام ئێستا تەنیا 71 فەرمانبەری هەیە.
 
پارێزگای هەڵەبجە 14 بەڕێوەبەرایەتی گشتی فەرمانی دەستبەكاربوونیان هەیە، بەڵام نە بینایان هەیە نە فەرمانبەر.