15 رۆژی دیکە گشتپرسی لە کەتەلۆنیا بەڕێوەدەچێت

16-09-2017
بارزان محەممەد
ئیسپانیا سکاڵای لەسەر سەرۆک شارەوانییەکانی کەتەلۆنیا تۆمارکردووە
ئیسپانیا سکاڵای لەسەر سەرۆک شارەوانییەکانی کەتەلۆنیا تۆمارکردووە
نیشانەکردن کەتەلۆنیا گشتپرسی
A+ A-

رووداو- کەتەلۆنیا

شەش رۆژی دوای باشووری کوردستان واتە یەکی مانگی 10 بۆ دووەم جار گشتپرسی سەربەخۆیی کەتەلۆنیا بەڕێوەدەچێت، بەڵام دادگای باڵای ئیسپانیا بڕیاری ئەنجامدانی گشتپرسی بە نادەستووری لەقەڵەمداوە و سکاڵای لەسەر سەرجەم سەرۆکی شارەوانییەکانی کەتەلۆنیا تۆمارکردووە.
 

سەرۆکی شارەوانی کەتەلۆنیا دەڵێت: ئەوان کارێکی هەڵەیان نەکردووە و تەنیا دەیانەوێت خەڵک دەنگی خۆیان بدەن و پێیوایە ئەو وڵاتەی دژایەتی کەتەلۆنیا دەکەن پێشتر خۆیان ژێردەستە بوونە. هاووڵاتیانی کەتەلۆنیاش دەڵێن، بە بەڵێ بەشداریی لە گشتپرسییەکەدا دەکەن. 

هەرێمی کەتەلۆنیا، تاوەکو ئێستا سەر بە وڵاتی ئیسپانیایە، بەڵام بڕیارە 1ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ گشتپرسی بکەن، بۆ جیابوونەوە لە ئیسپانیا. رۆژی 11ی ئەم مانگە بانگەشەکانیان بۆ گشتپرسی دەستپێکرد و بە هەزاران کەس بە ئاڵای کەتەلۆنیا لەسەر شەقامەکان درووشمی بەڵێیان دەگوتەوە.

ئەم پیاوە بەتەمەنە لەگەڵ هاوژینەکەی رۆژەکانی تەمەنیان دەژمێرن بۆ هاتنی رۆژی ریفراندۆم، وەکو پیاوەکە باسیدەکات، لە سەردەمی لاوێتی زۆر ئازاری پێگەیشتووە، لەسەر دەستی دەستەڵاتدارانی ئیسپانیا، بۆیە دەیەوێ بە بەڵی دەنگ بۆ سەربەخۆیی بدات.

برتۆمیۆ هاووڵاتییەکی کەتەلۆنیا بە رووداوی راگەیاند: "من دەنگ بە بەڵی دەدەم، چونکە من کەتەلۆنیم و کەتەلۆنیا وڵاتێکی زۆر جیاوازە لە ئیسپانیا، حکومەتە دیکتاتۆرکانی ئیسپانیا زۆڵمێکی زۆریان لە ئێمە کردووە، لە سەردەمی گەنجیم ئەشکەنجەی زۆرم بینیوە، بە بەڵێ دەنگدەدەم بۆ ئەوەی منداڵەکانم رووبەڕووی ئەو تووندوتیژییە نەبنەوە لە داهاتوودا".

لە چەند رۆژی رابردوو، گەرمترین هەواڵی راگەیاندنەکانی ئیسپانیا، ئەوەیە کە تەواوی سەرۆک شارەوانییەکانی کەتەلۆنیا بچنە بەردەم دادگا، بۆ ئەوەی گشتپرسی نەکەن، بەڵام ئەلفرێد 

بۆسیج، سەرۆکی شارەوانی کەتەلۆنیا، کە لە هەمانکاتدا سەرۆکی پارتی چەپی کۆماری کەتەلۆنیایە، پشتگیری گشتپرسی دەکات و پێیوایە کارێکی هەڵەیان نەکردووە.

ئەلفرێد بۆسج، سەرۆکی پارتی چەپی کۆماری کەتەلۆنیا بە رووداوی راگەیاند: "سەرۆکی شارەوانییەکان کارێکی خراپیان نەکردووە، تەنیا دەیانەوێ خەڵک بچن دەنگی خۆیان بدەن، دەمانەوێ خەڵکی کەتەلۆنیا بە ئازادی بژین و وڵاتی خۆیان هەبێت، ئەو وڵاتانەی ئێستا دژایەتی سەربەخۆیی کەتەلۆنیا دەکەن، پێشتر داگیرکراوبوون و داوای ئازادیان دەکرد و وەریانگرت، ئێستاش ئێمە داوای ئەو ئازادییە دەکەین، ئێمە میللەتێکی 7 ملیۆنین، دەمانەوێ بە ئازادی دەنگ بە گشتپرسی بدەین".

بەشیک لە خەڵکی کەتەلۆنیا تاوەکو ئێستا بڕیاریان نەداوە بەشداریی لە ریفراندۆم دەکەن یاخود نا، دەڵێن سەیری رەوشەکە دەکەین ئەگەر بەشداریی بکەین، ئەوا دەنگ بە بەڵێ دەدەین و هەڕەشەکان ساردمان ناکەنەوە.

ئیریس، هاووڵاتییەکی دیکەی کەتەلۆنی بە رووداوی راگەیاند: "هەتا ئێستا بڕیارم نەداوە کە دەچم بۆ دەنگدان یاخود نا، سەیری رەوشەکە دەکەم و بڕیار دەدەم. ئەگەر بەشداری بکەم دەنگ بە بەڵێ دەدەم بۆ ئەوەی بەشێک بم لەو گۆڕانکاریانەی کە لە داهاتوودا لە کەتەلۆنیا روودەدەن".

پاتریسیا هێرناندز، هاووڵاتییەکی دیکەی کەتەلۆنیا بە رووداوی راگەیاند: "بڕیارم داوە و دەنگ بە بەڵێ دەدەم، چونکە ئێمە وڵاتێکی جیاوازین و هونەر و کولتوور و زمانمان جیاوازە، هەروەها دەتوانین لە رووی ئابووریشەوە خۆمان بەڕێوە ببەین. پەیامیشم بۆ مەدرید و یەکێتی ئەوروپا ئەوەیە پێویستە باش بیربکەنەوە، ئەگەر دەیانەوێ لەگەڵیان بمێنین، پێویستە رەشی ئابووری ئێمە باشتر بکەن".

لە ساڵی 2014 حکومەتی کەتەلۆنیا گشتپرسی ئەنجامدا، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەلایەن حکومەتی ئیسپانیا رەتکرایەوە و بە نادەستووری لە قەڵەمدرا، گشتپرسییەکە لەلایەن دەوڵەتانی جیهان دانیپێدانەنرا، دوای ئەوە ئەرتۆرۆ ماس، سەرۆکی ئەوکاتی کەتەلۆنیا درایە دادگا و بە هۆیەوە لە کاری سیاسی سڕکرا، ئێستا لە پەرلەمانی کەتەلۆنیا بڕیاری ئەنجامدانی گشتپرسی دراوەو یاساشی بۆ دەرکراوە، بەڵام مەدرید بە هەموو شێوەیە رەتیدەکاتەوە.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە