کۆمیتەی ئەربەعین بۆ زیارەتکارانی شیعە: دەروازەکانی باشماخ و حاجی ئۆمەران بەکاربهێنن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی کۆمیتەی ئەربەعین داوا لە زیارەتکارانی شیعە دەکات، دەروازە سنوورییەکانی باشماخ و تەمەرچین (حاجی ئۆمەران) بەمەبەستی رۆیشتنیان بۆ مەزارگەی ئیمام حوسێن لە کەربەلا بەکاربهێنن.
 
سەید مەجید میرئەحمەدی، سەرۆکی کۆمیتەی ئەربەعین بەمەبەستی بەداواداچوون و لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە دۆخی دەروازە سنوورییەکان و هەروەها ئامادەکارییەکان بۆ هاتووچۆی زیارەتکارانی شیعە سەردانی پارێزگاکانی ورمێ، سنە و کرماشانی کرد.
 
سەید مەجید میرئەحمەدی لە کاتی سەردانیدا بۆ دەروازەی سنووریی باشماخ رایگەیاند، "دەروازە سنوورییەکانی باشماخ و تەمەرچین (حاجی ئۆمەران) کەشوهەوایەکی گونجاویان هەیە و داوا لە زیارەتکارانی ئەربەعین دەکەین لە رێگەی ئەو دوو دەروازەیە هاتووچۆ بکەن."
 
میرئەحمەدی گوتی: "لە سێ ساڵی رابردوودا دەروازەی سنووریی باشماخ و تەمەرچینمان هەڵبژارد بۆ چوونی زیارەتکاران بۆ نێو عێراق، بۆ ئەوەی لەو ساڵانەی کە رووبەڕووی گەرمای لەڕادەبەدەر دەبینەوە، ئەو سنوورانە بەکاربهێنین."
 
گوتیشی، ئەو دوو دەروازە سنوورییە کەشوهەوایەکی فێنکیان هەیە و جیاوازی پلەکانی گەرمای ئەو ناوچانە لەگەڵ دەروازە سنوورییەکانی خوسرەوی و میهران نزیکەی 20 پلەی سیلیزییە، هەروەها ئەو دوو ناوچەیە سرووشتیکی زۆر جوانیشیان هەیە.
 
سەرۆکی کۆمیتەی ئەربەعین ئاماژەی بە ئاسانکارییەکان بۆ هاتووچۆی زیارەتکاران لە دەروازەی سنووریی باشماخ کرد و رایگەیاند، گواستنەوەی زیارەتکاران تاوەکو رۆژی 26ی ئابی 2024 لە باشماخەوە تاوەکو نێو شاری سلێمانی بێ بەرامبەرە، بۆیە پێشنیاز دەکات زیارەتکاران سوود لەو دەرفەتە وەربگرن.
 
ساڵی رابردوو زیاتر لە 150 هەزار زیارەتکاری شیعە لە رێگەی دەروازەی سنووریی باشماخەوە گەشتیان بۆ مەزارگە شیعەکانی عێراق کرد.
 
ئەم ساڵ تائێستا 34 هەزار و 451 زیارەتکاری رێورەسمەکانی ئەربەعین لە رێگەی دەروازەی سنووریی تەرمەچین- حاجی ئۆمەرانەوە هاتوونەتە نێو هەرێمی کوردستان و عێراق. ساڵی رابردوو 130 هەزار زیارەتکار بەو دەروازەیەدا هاتووچۆیان کردووە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە